شوان عەباس بەدری
بێگومان هەموومان بە بیستنی وشەی رووخاندن یەکسەر بێ ویستی خۆمان کاولکاری و تاڵانکاری و کووشت و کووشتار و چەندین وێنەی سامناکی تر لەناو مێشکماندا وێنا دەبێت و دیاریشە ئەم وێناکردنە لە خۆرا نییە و دەگەرێتەوە بۆ رووداو و پێشهاتەکانی ناو مێژووی کۆن و تازەمان و ڕەگێکی قووڵی لەناو هزر و نەستی هەر یەکێکمان داکووتاوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چەمکی رووخاندنە لە رووی سیاسییەوە دوو رەهەندی تەواو دژ بە یەک و جیاواز لەخۆ دەگرێت و گەر بە دیدێکی تەواو سیاسیانە شیتەڵی بکەین، ئەوا تێدەگەین هەندێکجار بەکارهێنانی ئەم چەمکە بەتەواوی دەچێتە خانەی کاولکاری و لەناوبردن و گەر ئاورێکیش لە مێژووی تازەی کورد بدەینەوە، ئەوا دەبینین ئەم چەمکی رووخاندنە بەئاشکرا، لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد، دروشمی سەرەکی لایەنێکی کوردی بوو لە دژی شۆرشی نوێ و یەکێتی نیشتمانی کورستان و کۆمەڵە و پارتیزانەکانی ئەو سەردەمەی شاخ. ئەمە دیوێکی چەمکی روخاندن بوو و دیوەکەی تریشی هەر چەندە هەر رووخاندنە، بەڵام تەواو پێچەوانەی مانا کلاسیکییەکەی ئەو چەمکەیە و بە مانای چاککردن و ڕاستکردنەوە و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و رووناک دێت.
نموونەی بەکارهێنانی ئەم چەمکە لەناو مێژوو و فەرهەنگی سیاسی وڵاتاندا زۆرە و بەتایبەتیش گەر بمانەوێ وردتر قسە بکەین ئەوا دەتوانین وڵاتانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی سۆڤێتی جاران بەنمونە بهێنینەوە کە دروشمی سەرەکی دانیشتوانەکەی رووخاندنی سیستمی سیاسی وڵاتەکەیان بوو بە دیوە چاکسازی و ڕاستکردنەوەی سیسیتمی حکومرانی وڵاتەکانیان ، نەک بەمانای رووخاندن و لەناوبردن و سرینەوەی قەوارە سیاسی و جوگرافییە جیهانییەکەی وڵاتەکانیان .بە واتایەکی تر، دانیشتوانی ئەو وڵاتانە لە رێگەی حزبێک یان چەن حزبیکی ئایندەبین، بە نیاز بوون گۆرانکارییەکی بنچینەیی لە وڵاتەکانیان بەدیبهینن و خۆیان لە سیستمە حکومرانییە ژەنگ گرتووەکەی وڵاتەکانیان رزگار بکەن.
ئا لێرەوە گەر ئێمەش چاوێک بە دروشمی سەرەکی بانگەشەی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بخشێنین دەبینین، روخاندن یان دەیروخێنین، دروشمێکی سەرەکی ئەو حزبەیە و هەروەها گەر چاوێکیش بە بەرنامەی کاری بانگەشەی هەڵبژاردنەکەشی بخشێنین، ئەوا دەبینین گۆرانکارییەکی بنەرەتی بەمەبەستی راستکردنەوەی رێرەوی حکومرانی لە هەرێمی کوردستان و دەرچوونی قیتارە ژەنگاوییەکەی دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم لەلایەک و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک لەلایەکی ترەوە لەو تونێلە تاریکەی کە تێیکەوتووە، بە کاری سەرەکی حزبەکە دەزانن و هەر ئەم ویستەش وایکردووە رووخاندن و دەیروخێنن بە دیوە ئەرێنییە سیاسییەکەی بکاتە دروشمێکی سەرەکی بۆ خۆی و بە بەدیهینانی ئەو ویستەش بۆ لەمەودواش بە بیستنی ئەو چەمکە لە جیاتی وێناکردنی نیشتمانێکی رووخاو و هاووڵاتییەکی تێکشکاو، یەکسەر چاککردن و ڕاستکردنەوە و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و رووناکتر لە ناو هزر و نەستمان وێنا ببێت.
بەڵێ... ئەمە دروشم و ویستی سەرەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە هەرێم، نەک وەک هەندێک کەسی ناو لایەنە سیاسییەکان بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵک و دنەدانیان لە دژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو دروشمەیان بەمانای ویستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ نەمانی قەوارەی هەرێم و نەمانی یاسا و جەنگ بە لایەنگرەکانیان دەفرۆشنەوە و سەرەرای شکستە یەک لەدوای یەکەکانیان لە هەموو جومگەکانی سیستمی حکومرانی، خۆیان بە تاکە فریادرەس و فریشتەی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەناسێنن!