سەردار عەبدوڵا
لەمەیدان و لەکاتی شەڕدا تۆپخانە تەنها بۆ یەک مەبەست بەکارناهێنرێت. هەڵبەتە ئەگەر بەکردار نەکەویتە ناو دۆخی سەربازیی وشەڕەوە، بەدەگمەن نەبێت ئەسڵەن کاریشت بەم وردەکارییانە نابێت.
تۆپباران بەچەندین ئامانجی جیاجیا بەکاردێت، لەوانەش:
کوتاندنی سەنگەرەکانی دوژمن، زۆرترین زیانی لەڕووی مادیی و مەعنەوییەوە، بۆ ئەوەی لەپەلوپۆی بخەیت و سەنگەرەکانی بەئاسانی بگریت.
بەکارهێنانی بەئامانجی دیاریکردنی شوێنی تۆپبارانەکردنەکە، ئەمەش بە گوللەتۆپی دووکەڵدار دەکرێت.
حاڵەتێکی دیکەی تۆپباران، لەکاتی شکستی هێرشەکەتە، ئەمەیان بەمەستی تەئمینی پاشەکشەی هێزە شکاوەکەتە، لە کاتی کشانەوەی ناچاریدا، تاکو هێزی دوژمن نەتوانێت بەئاسانی جەنگاوەرەکانت بکوژێت تا دەگاتە ئەگەری ڕێگرتن لەهێرشی پێچەوانە.
وەکو وتمان ئەگەر ناچار نەبیت و نەکەویتە دۆخی لەمجۆرەوە، ئەم شتانەت بەلاوە گرنگ نابێت. بەشی هەرەزۆری نەوەکەی ئێمە ناچار بوو ببێتە سەرباز لەسوپای عیراقدا، لەجەنگی عیراق – ئێراندا، ئەمانە و زۆر شتی دیکەش فێر ببوو. کەمینە هەرە کەمەکەشمان بەهۆی شەڕی پێشمەرگانەوە، دیوەکەی ترمان بینی. واتا زۆرینە سەربازەکە لەناو سوپادا دەیانزانی تۆپباران تەنها بەیەک ئامانج بەکارناهێنرێت، بەڵام کەمینە پێشمەرگەکە، تۆپخانەمان نەبوو، هەربۆیە بەکردار و بەناچاریی لەژێر تۆپباراندا بەعەمەلیی فێری ئەم شتانە دەبووین.
کە تەماشای خوتبەی جومعەی خامنەئییم کرد، ڕێک وەکو تۆپباران هاتە بەرچاوم، بۆیە هەموو ئەم وردەکارییانەم بیر کەوتەوە، و کەوتمە پرسیار: ئایا ئەم تۆپبارانە لەم کاتەدا بۆ؟ لەمەش گرنگتر ئایا ئەم تۆپبارانەی خامنەئی بەکام مەبەست کراوە؟
بۆچی لەو کاتەدا ڕوونە، پاش هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەبوو بەوجۆرە دەربکەوێت. بۆ وەڵامی پرسیاری دوەمیش کە دیقەتی زۆرتری دەوێت، دەبێت لەکەش و دۆخی خوتبەکە لەناو دۆخە گشتییەکەی جەنگەکەدا بڕوانین، هاوکاتیش هەر وردەکارییەکی پەیوەست بە خوتبەکە لەبەرچاو بگرین. جەختکردنەوەی میدیای جیهانیی لەسەر تفەنگە قەناسەکەی دەستی خامنەئی لەجێیی خۆیدا نەبوو، چونکە هەمیشە لەو خوتبانەدا پێی بوە. هەربۆیە ناکرێ ئەمە وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرش سەیر بکەین.
ئەنجامدانی نوێژی جومعە و خوتبەکەی لەفەزای کراوەدا، کە ویسترا وا نیشان بدرێت ئەمە تەحەدای ئیسرائیلە، کە گوایە لە تیرۆرکردنی ناترسێت، ڕاست نیە، چونکە بە ئەکیدیی لەدۆخی وادا ئیسرائیل هەوڵی کاری لەوجۆرە ناکات. پێچەوانەکەی ئەمە ڕاستە کە ئەمە نەک هەر تەحەدا نەبوو، بگرە کردارێکی تەواو دیفاعیی بوو، بەتایبەتیش بەڕەچاوکردنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک کە خۆیان باسی ملیۆنێک و دوو ملیۆنیشیان کرد. ئەمە کردارێکی دیفاعیی بوو کە ترسی گەورە لە ڕاپەڕینی گەورە پیشان دەدات، کە ئامانجەکەی پیشاندانی پشتیوانیی خەڵک لە ڕژێمەکە بوو. کە ڕاستییەکان و خودی ئەم کۆکردنەوەی خەڵکیش لە شارە جیاجیاکانەوە، کە دۆخی ناوخۆی رژێمەکە لە خراپترین ئاستدایە.
هاوکات عەباس عیراقچی نێردرایە بەیرووت. ئەمەش وەک تەحەدایەکی دیکە ئیسرائیل پیشان درا کە هەڕەشەی لێدانی هەر فڕۆکەیەکی ئێرانی ئێرانیی کردبوو. عیراقچی لەلوبنان، هەندێک دیداری ڕەسمیی ئاشکرای کرد، بەڵام باس لە دیدارە نهێنییەکانی نەکرا، دواتریش چوە شام و لەگەڵ ئەسەد کۆ بویەوە کە پاش ماوەیەک بێدەنگیی ستایشی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی کرد. جارێ سەرەتا با ئەوە ساغ بکەینەوە، ئێران دەیزانی ئیسرائیل ئامادەیە هەموو کەس بکوژێت، بەڵام لەدۆخی لەمجۆرەدا فڕۆکەی وەزیری دەرەوە بەر ناداتەوە، هاوکاتیش گومان لەوەدا نیە کە پێش سەفەرەکەی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە، تەنسیق بۆ ئەم سەفەرە لەگەڵ ئیسرائیل کراوە.
عیراقچی بۆ میدیاکان توند قسەی کرد، ئایا دەکرێ ئەمە وەک ئاماژەیەک سەیر بکەین بۆ ئەوەی تۆپبارانەکەی خامنەئی کە هاوکاتی دابەزینی فڕۆکەکەی بوو لە فڕۆکەخانەی بەیرووت، کە تۆپبارانی پێش هێرشە، یان تۆپبارانی کشانەوەیە؟ بۆ تێگەیشتن لەم مەتەڵە دەبێ لەوە بپرسین: کە ئایا بەرژەوەندی ئێران لەپاش هێرشە مووشەکییەکەی لە چیدایە؟ بەڵام نابێ ئەوەش نادیدە بگرین کە (ناسر یاسین)ی وەزیری ژینگەی لوبنان دوو بنەمانی سیاسەتی ڕەسمیی حکوومەتەکەی ڕاگەیاند کە بریتین لە:
گەیشتنە بەئاگربەست ئەگەر بەقبووڵکردنی جیاکردنەوەشی بێت لەئاگربەستی غەزە.
قبووڵکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری (1701) ئەنجومەنی ئاسایش، بەدابڕاویی لە دۆخی غەزە.
هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا بەگەرمیی باسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکرێت کە دوو ساڵە ئێران و حیزبوڵڵا ڕێگرییان لێ دەکرد.
بەڕەچاوکردنی ئەو هەواڵانە و زۆر بابەتی دیکەش، وا دیارە کە هاوکێشەکە بەزیانی ئێران گۆڕاوە. هەربۆیە بەرژەوەندیی ئێران لەچرکەساتی تۆپبارانەکەی خامنەئییدا لەوەدایە، کە ئێران هێرشێکی گەورەی کردۆتە سەر ئیسرائیل و ورەی جەماعەتەکانی بەرز کردۆتەوە، ئیدی کاتی ئەوەیە خۆی لە هەر هەڵچوونێک بەدوور بگرێت کە مومکینە زەبری پشتشکێنی بەدوادا بێت. بۆیە بەڕەچاوکردنی ئەوانەی سەرەوە، تۆپبارانەکەی خامنەئیی هی پێش هێرش نیە، بەڵکوو هی دوای هێرشە.
ئێران ناچارە پاش هێرشە مووشەکییەکەی، خۆی لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکە بپارێزێت، کە ئەمە لەسەرەتاوە ستراتیژی سەرەکی بوە بۆی. ئەمەش کاراکردنی زیاتری کەناڵە دیپلۆماسییەکان دەخوازێت، کە بەشی هەرە زۆری نهێنیی دەبێت، بەڵام داخۆ نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی بەچی ڕازی دەبن؟ لەڕاستیدا ئەمە دەرفەتی زێڕینیانە بۆ وەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوت نەک هەر لە ئێران، بەڵکو لە هاوپەیمانە ئیقلیمی و جیهانییەکانیشی. کە ئەم وتارە جێگەی ئەو باسە وردەی تێدا نابێتەوە.
لەئەسڵدا ئێران نەیدەویست بگاتە ئەم ئاستە لەڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل. بەڵگەش بۆ ئەمە هەڵوێست و لێدوانەکانی مانگی ڕابردوی وەفدی ئێرانە لە نیویۆرک، کە هەندێک ناوەندی میدیای ئەگەری فرۆشتنی حەسەن نەسروڵڵایان، بۆ ئەو دیدارانە دەگەڕاندەوە. ئەوەی سەرنجی خەڵک و بەشی هەرەزۆری میدیاکانی جیهانیشی ڕانەکێشا، ئەوە بوو کە جگە لە پزیشیکان و عیراقچی، محەمەد جەواد زەریفیش لەوێ بوو. زەریف لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی (بچەهای نیویۆرک) و ئێستا ڕابەری سەرەکییانە، کە میدیای عەرەبی بە (عصابة نيويورك) ناویان دەبات. ئەم گرووپە باسێکی تایبەتیان پێویستە لە دەرفەتی تردا دێمە سەری.
ئێستا ئێران یان دەبێ مل بە دۆخ و هاوکێشە تازەکان بدات و تۆپبارانەکەی بۆ کشانەوە و پاراستنی خۆی بێت، یان هێرشی پێچەوانە، دەیخاتە سەر ڕێگەی جەنگی ڕاستەوخۆ کە لەوانەیە بە ڕووخاندنی ڕژێمەکە کۆتایی بێت. بۆیە ئێستا ئێران ناچارە بیر لەوە بکاتەوە دۆخەکەی ڕابگرێت و لەبەرامبەر ئەو نرخانەی دەیەوێت، شکستی سیاسیی و مەعنەویی گەورە قبووڵ بکات، کە بریتی دەبن لە قبووڵکردنی هەڵبژاردنی سەۆکی لوبنان و جیاکردنەوەی کەیسی غەزە و لوبنان لەیەکتر.
ئەم سیناریۆیە بەو جۆرە دەبێت لە ژێر تۆپبارانێکی خەستی خامنەئیدا ئێران لێگەڕێ لوبنانیی و فەلەستینییەکان خۆیان دانوستاندن بکەن، بەڵام بەو نرخەی کە ئێران دەیەوێت. بەمەش ئەگەر سازش کرا ئەوا وا دەرناکەوێت کە ئێران کردویەتی و شکستە مەعنەویەکەی لەسەر حەماس و حیزبوڵڵا بار دەکات و خۆی دەستکەوتەکەی دەچنێتەوە.
کێشەی هەرە گەورەی ئەم سیناریۆیە لەوەدایە کە ئایا ئەوانیتر ئامادەن نرخی قبووڵکراو بە ئێران بدەن، ئەگەر ئامادەش بن ئەوا مانگێکی تر کە لەوانەیە ترامپ هەڵبژاردنی بردبێتەوە، خودی سەوداکە هەڵناوەشێنێتەوە؟ نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت، کە پێشتر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.