وتار

جیهان لە سەر ڕووی ڕوومانەیەکە

شوان عەباس بەدری

گەر بە وردی چاوێک بە ڕووداوەکانی پێش هەڵگیرسانی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بخشێنین و پولی ڕووداوەکان بە تەنیشت یەکا ڕیز بکەین، ئەوا زۆر بە ئاسانی تێئەگەین هەر وەک ڕووداوەکانی پێش هەڵگیرسانی ئەو دوو جەنگە، هەموو پێشهاتەکان بۆ هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی لەبارە و ئێستا جیهان لە سەر ڕووی ڕومانەیەک بە سنگە خشکێ هێدی هێدی بەرەو ئەو جەنگە هەنگاو ئەنێ و ئەوەندەی نەماوە ئاڵقەی ئەمانی ڕومانەکە ڕابکێشێت و دۆخەکە بە جارێ بتەقێتەوە، بیریشمان نەچێت هەڵگیرساندنی جەنگ بڕیاڕ نییە، بەڵکوو کار و کاردانەوەیە و ڕەنگە یەکەم پریشکی جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل یا ڕوسیا بە چەکی ئەتۆمی ناستراتیژی بۆ سەر ئێران یان ئۆکرانیا ڕووبدات و ڕەنگیشە بە هێرشی هەمە لایەنەی چین بۆ سەر دورگەی تایوان یان کۆریای باکوور بۆ سەر کۆریای باشوور و یابان یان لە قوبرسەوە هەڵبگیرسێت.

بەهەرحاڵ جەنگەکە تەنها پەلەپیتکەیەکی ماوە و ئیتر کام وڵات و لایەن یەکەمجار دەست ئەنێت بە پەلە پیتکەکە و دوای ئەوەش وێرانکاری و کووشتار دەست پێئەکات ئەوا داهاتوو و مێژوو وەڵاممان ئەداتەوە. بەڵام بە ڕای من ئەوەندەی مێژووم خوێندبێتەوە و لێکدانەوەم بۆ ڕووداوەکان کردبێت، ڕوسیا یان کۆریای باکوور یان ئێران لە کاردانەوەی ڕووداوێک یان پێشهاتێک یان مەترسییەکی ڕاستەقینە پەلەپیتکەکە ئەتەقێنن و وەک هەمیشە لە مێژوو ئەنووسرێ یەکێک لەو سێ وڵاتە بوونە هۆکاری وێرانی و کاولکاری جیهان، هەر وەک چۆن لە نووسینەوەی مێژووی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی هەمان کاریان کرد و بکەری ڕاستەقینەی هەڵگیرسانی هەردوو جەنگەکەیان کرد بە فریشتە و فریادڕەسی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، بۆ نمونە بچن مێژووی داگیرکردنی پۆڵەندا لە لایەن ئەڵمانیای ن،،،ا،،،ز،،،ی ییەوە لە ساڵی 1939 بخوێننەوە و بزانن ڕۆڵی بەریتانیا و فەڕەنسا لەو داگیرکارییە چی بووە و بۆچی ڕێیان بۆ ھ..ی...ت،،ل...ە،،،ر خۆش کرد ئەو وڵاتە داگیر بکات.


ژمارەی خوێنەر   ‌ 851‌
7/3/2024 12:52:41 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.