راپۆرت

گۆڕان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەچێتە ژێر باڵی پارتیەوە

ئاژانسی  نھا: ڕاپۆرت

رۆژ لە دوای رۆژ بزوتنەوەی گۆڕان دژی ھەڵوێستەکانی خۆی لە ڕابردوودا دەوەستێتەوە و زیاتر دەچێتە ژێر باڵی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لە دژی یەکێتیش بەکاردەھێنرێت، تەنانەت لە دیارترین ھەڵوێستی خۆیان پەشیمانبوونەتەوە کە تایبەت بوو بە پۆستی سەرۆکی ھەرێم.

خۆنزیک کردنەوەی پارتی لە گۆڕان و بەکارھێنانی لە دژی یەکێتی لە شەوی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقەوە دەرکەوت کاتێک پارتی و یەکێتی ڕکابەریان لەسەر ئەو پۆستە دەکرد، گەرچی فراکسیۆنی گۆڕان بڕیاریان دابوو بەشداری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام پارتی بەپەلە بە فڕۆکەیەکی تایبەت پەرلەمانتارانی گۆڕانی بردە بەغدا بۆ دەنگدان بە کاندیدەکەیان، بەڵام ئەو ھەوڵەیان سەرکەوتوو نەبوو، لە ئەنجامدا بەرھەم ساڵح بە سەرۆک کۆماری عێراق ھەڵبژێردرا، ئەمە لە کاتێکدا و لە ڕابردوودا ئەگەر ھەوڵەکانی یەکێتی نەبوایە و بەرگری لە گۆڕان نەکردایە، ئەوا پارتی گردەکەی داگیر دەکرد.

لە دوای دەستپێکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت، یەکێتی نیشتیمانی بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا بەڕێوەبچێت بۆ لێکتێگەیشتنی باشتر، بەڵام گۆڕان و پارتی ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبوو لەو بارەیەوە، چونکە پارتی نەیدەویست یەکێتی و گۆڕان لەیەک نزیکببنەوە و بە جیا لەگەڵ ھەردووکیاندا کۆدەبووەوە.

ئامانجەکەی پارتی لە دوای ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان لە ١٦/٢/٢٠١٩ دەرکەوت، ئەگەرچی پارتی لەگەڵ یەکێتی نەگەیشتبوونە ڕێکەوتن، بەڵام گۆڕان لەگەڵ پارتی لەسەر چەند خاڵیک ڕێکەوتن کە یەکێکیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بوو لە ١٨ی مانگ، دووبارە پارتی گۆڕانی بەکارھێنا لە دژی یەکێتی و کۆبوونەوەکەیان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەماندا  سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان درا بە پارتی و جێگری دووەمیش درا بە بەرەی تورکمانی کە ھەرکات باسی کورسەکانی پارتی لە پەرلەمان کرابێت کورسی کۆتاکانیشی دراوەتە پاڵ، چونکە بەردەوام پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری ھێناون، کاری بزووتنەوەی گۆڕانیش لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا تەنھا دەنگدان بوو بە کاندیدەکانی پارتی".

ھاوکات ھەندێک لە پەرلەمانتاران باسیان لەوە دەکرد، پێویستبوو زۆرینەی لایەنەکان ھەوڵیانبدایە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ لایەنێکی ئۆپۆسزیۆن بێت، بۆ زیاتر بەھێزبوونی ئۆپۆسزیۆن لە پەرلەماندا، بەڵام پارتی بە ھاوکاری گۆڕان ئەو خەونەشی لە گۆڕنا، ئەگەرچی گۆڕان حزبێک بوو لە ناو شەقام و ئۆپۆسزیۆنەوە دروست بوو.

ھەر لە دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، باسی کاراکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم ھاتە ئاراوە و پارتی دیموکرات پەلەی بەخشینی ئەو پۆستەیەتی بە نێچیرڤان بارزانی و بزوتنەوەی گۆڕانیش پەلەی وەرگرتنی جێگرەکەیەتی.

لە ڕابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام باسی لەوە دەکرد، پێویستە سیستمی سیاسی لە ھەرێم پەرلەمانی بێت و ھیچ دەسەڵاتێک لە سەروو دەسەڵاتی پەرلەمانەوە نەبێت و پێویستە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم کەمبکرێتەوە و تەشریفاتی بێت، بەڵام ھەر لە دوای ئەوەی پارتی پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی بەخشیە گۆڕان، گۆڕان لە ھەڵوێستەکەی ڕابردووی پەشیمان بووەوە.

بەپێی ڕێکەوتنەکەی نێوان پارتی و گۆڕان، بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ وەرگرتنی ھەڵوێستی ھیچ لایەنێکی دیکە، سەرۆکی ھەرێم لە نێو پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، بەھەمان دەسەڵاتەکانی ڕابردوویەوە.

لەو بارەیەوە پەرلەمانتارێکی گۆڕان، کە ئەندامی جڤاتی ئەو حزبەشە لە دوای ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی ڕایگەیاندبوو " نابێت دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم تەشریفاتی بێت و  چۆن دەبێت دامەزراوەیەکی گەورە دەسەڵاتی نەبێت"، کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی ھەڵوێستەکانی ڕابردووی گۆڕانە.




2019-02-21
زیاتر...
123