وەرزش

ڤینگەر دەگەڕێتەوە بۆکاری ڕاھێنان

ئاژانسی نھا: وەرزش

ڕاھێنەری فەڕەنسی ئارسن ڤینگەر لە گەڕانەوە بۆ کاری راھێنان نزیکبووەتەوە و لە ئێستادا چوار گرێبەستی پیشکەش کراوە.


بەپێی ھەواڵی ڕۆژنامەکانی ئینگلتەرا، بەم نزیکانە ئارسن ڤینگەری راھێنەری پێشووی ئارسناڵی ئینگلیزی دەگەڕێتەوە بۆ کاری راھێنان.

رۆژنامەی میرەری بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ڤینگەر چوار گرێبەستی پێگەیشتووە لە دەرەوەی خولی ئینگلتەرا، چونکە راھێنەرەکە ئارەزوو ناکات چیتر لە ئینگلتەرا کار بکات و  رووبەڕووی ئارسناڵ ببێتەوە، بەھۆی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لە نێوانیاندا ھەیە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە نێوان چوار گرێبەستەکەدا دوانیان دوو یانەی گەورەی ئەوروپان بێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرابکات و دانەیەکیشیان یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسییە، کە ڤینگەری بۆ پۆستی بەڕێوەبەری تۆپی پێی یانەکە دەوێت، ھەروەھا چوارەمیشیان پۆستی بەڕێوەبەری ھونەری یەکێک لە ھەڵبژاردەکانە.

پێشتر راگەیاندنەکان ئارسن ڤینگەری ٦٩ ساڵیان پەیوەستکردبوو بە یانەکانی بایرن میونشنی ئەڵمانی و ریاڵ مەدریدی ئیسپانیاوە.

2019-02-07
زیاتر...