وەرزش

دۆرتمۆند دەیەوێت ڕاھێنەرەکەی لە چنگی یانە گەورەکان دووربخاتەوە

ئاژانسی نھا: وەرزش

یانەی بۆرووسیا دۆرتموند دەیەوێت چارەنووسی لوسیان فاڤرێی ڕاھێنەری یانەکە یەکلایی بکاتەوە و نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

لە سەرەتای ئەم وەرزە فاڤرێی سویسری بووە راھێنەری یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و بەھۆی ئەنجامە باشەکانی، کارگێڕی یانە زەرد پۆشەکە لە ھەوڵدایە گرێبەستی راھێنەرەکەیان نوێبکەنەوە و لە چنگی یانە گەورەکان دووریبخەنەوە.

سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی فاڤرێ، یواکیم ڤاتسکێی سەرۆکی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند ڕایگەیاند، فاڤرێ کارێکی باشی لەگەڵ یانەکەمان ئەنجامداوە و ئەنجامەکانیشی بەرچاون، لەبەر ئەوە شتێکی ئاساییە گفتوگۆکانمان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێبکەین.

فاڤرێ لەسەرەتای ئەم وەرزەوە ٢٩ یاری لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند ئەنجامداوە و لە ٢١ یاریدا براوە بووە، ٦ یەکسانبوون و ٢ دۆڕانیشی ھەیە، ئەمە جگە لەوەی ئێستا یانەکەی لە پێشەنگی خولی ئەڵمانیایە و یانەکەشی گەیاندە قۆناغی ١٦ ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و لەو قۆناغەشدا ڕووبەڕوی یانەی تۆتنھامی ئینگلیزی بووەتەوە.

2019-02-06
زیاتر...