بەشداریکردنی مێسی و دێمبلی لە کلاسیکۆدا یەکلایی بووەوە
ئاژانسی نھا: وەرزش
بەپێی ھەواڵی رۆژنامەکانی ئیسپانیا ھەردوو یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە لیۆنێل مێسی و عوسمان دێمبلی بۆ کلاسیکۆی چوارشەممەی داھاتوو ئامادە دەبن.
پێگەکانی سپۆرتی کەتەلۆنی و مارکای مەدریدیش ئاشکرایان کردووە کە سبەی دووشەممە ھەردوو یاریزانی ناوبراو دوا پشکنین ئەنجام دەدەن و ھەردوکیشیان دەتوانن بەشداری یاری کلاسیکۆ بکەن.
ئاماژە بەوەشدراوە ، سبەی ماوەی دورکەوتنەوەی دیمبلی کۆتایی دێت و میسی-یش ھیچ پێکانێکی وای نییە کە لە یاری دوری بخاتەوە.
دێمبلیی فەڕەنسی ماوەیەک بەر لە ئێستا تووشی پێکان ھات و پزیشکەکانی یانەی بەرشەلۆنە ڕایانگەیاند بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ دووردەکەوێتەوە، مێسی ئەرجەنتینیش لە یاری شەوی ڕابردووی یانەکەی بەرامبەر ڤالانسیا تووشی پێکان ھات و ترسی خستە دڵی ڕاھێنەر و ھاندەرانی یانەی بەرشەلۆنەوە.
بڕیار وایە رۆژی چوارشەممەی داھاتوو ھەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید دووەمین کلاسیکۆی ئەم وەرزەی نێوانیان ئەنجام بدەن، ئەمەش دوای ئەوەی لە تیروپشکی جامی شای ئیسپانیادا ھەردوو یانە لە قۆناغی ھەشتی جامەکەدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
|