ئاژانسی نها: ئاوات خەیروڵڵا
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی نها لەبارەی یەكلایی كردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار و گەرانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو ریزەكانی یەكێتی رایگەیاند، یەكێتی بەكەمەتر لە24 كاتژمێری داهاتوو كاندیدی خۆی بۆئەوپۆستە یەكلای دەكاتەوە".
هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات، ئەگەر تائێستا لەگەڵ پارتی یەكلا نەبوینەتەوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ئەوا دەرفەت نەماوە بۆئەوەی یەكلایی ببینەوە چونكە درەنگە".
دەقی چاوپێكەوتنەكەی ئاژانسی نها
ئاژانسی نها: كۆبونەوەی سبەی ئەنجومەنی سەركردایەتی چی بڕیارێكی تێدا دەدرێت؟
فەرید ئەسەسەرد، تاسبەی زۆر شتی نوێ دێنە ئاراوە كەبۆخەڵكی نوێ بێت، ویەكێتی كاندیدی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلایی دەكاتەوە".
ئاژانسی نها: بریار بو ئەمرۆ كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەنجام بدرێت بۆچی دواخرا؟
فەرید ئەسەسەرد: دەبوو ئەمرۆ دابنیشین بەڵام هەندی شتی نوێ هاتە ئاراوە دواخر بۆسبەی ، سبەی كۆبونەوەكە ئەنجام دەدەین كە كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە دەبێت و هەر سبەی یەكێتی یەكلایی دەبێتەوە كە كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كێیە و رادەگەیەنین".
ئاژانسی نها: لەكۆبونەوەكەی سبەی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەتوانن كاندیدێك یەكلایی بكەنەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: تائێستا یەكلایی نەبوینەتەوە بەچەند كاندید بەشدار دەبین بەڵام بە كەمتر لە24 كاتژمێری داهاتوو كاندیدەكەمان یەكلای دەكەینەوە، كەئایە بەكاندیدێك بەشداری دەكەین یان زیاد لەكاندیدێكمان هەیە، ئەگەر پێویستی كرد بەكاندیدێك زیاتر دەچینە بەغدا بەشداری دەكەین".
ئاژانسی نها: چانسی كام لەكاندیدەكان بەهێزە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە؟
فەرید ئەسەسەرد: بەیانی وەڵامی هەموو پرسیارەكان دەدەنەوە كۆبونەوەی سبەی هەمووی یەكلایی دەكاتەوە چونكە ئێستا كاندیدی فەرمی ونافەرمی هەن ".
ئاژانسی نها: پارتی داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات ئایە یەكلایی بونەتەوە كە ئەوپۆستە بەكێ دەدرێت؟
فەرید ئەسەسەرد، ئەگەر تائێستا لەگەڵ پارتی یەكلا نەبوینەتەوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ئەوا دەرفەت نەماوە بۆئەوەی یەكلایی ببینەوە چونكە درەنگە و ئێستا كاتی سازان تێپەریوە دەبوایە زوتر ئەنجام بدرایە".
ئاژانسی نها: ئایە یەكێتی سازش دەكات لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی؟
فەرید ئەسەسەرد: سازش لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ناكەیەن، چونكە ئەگەر بمان كردایە زوتر دەمان كرد ئێستا قۆناغی گەرانەوە وپەشیمان بونەوە نییە".
ئاژانسی نها: یەكێتی لەسەر چی بنەمایەك داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە دەزانین ئەو پۆستە حسەی هیچ حزبێك نییە پۆستەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك پەرلەمان و كۆمار، رێكەوتنی نەنوسراوە رانگەیەنراو هەیە كە پۆستەكان بەسەر پێكهاتەكان دابەش بكرێت، كەپۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكان وسەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە وسەرۆك كۆمار بۆكورد، چونكە لەسەرەتای دەسپیپَكردنی هەڵبژاردن لەسیستەمی نوێ لەدوای 2005 ەوە ئەوپۆستانە ئاوا دابەشكراوە ئەمە بۆتە نەریت و لەبەر ئەوەی سێ جار ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بووە پێمان باشە لەم قۆناغەشدا بۆ یەكێتی بێت".
ئاژانسی نها: گفتوگۆكان لەبارەی گەرانەوەی د.بەرهەم ساڵح بەكوێ گەیشتوون؟
فەریدئەسەسەرد، دەرفەت هەیە بۆ گەرانەوەی بەرهەم ساڵح یان بۆ مەسەللەی كاندیدكردنی بەڵام هێشتا نەكاندیدكردنی وە نەگەرانەوەی بۆنێو یەكێتی ئەم پرسە یەكلای نەكراوەتەوە ".
ئاژانسی نها: ماوەی چەند رۆژێكە دانوستانەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئەنجام دەدرێت سەبارەت بەكاندید بونی كەی یەكلای دەبێتەوە ؟
فەرید ئەسەسەرد، لەهەینی رابردوو تائێستا یەكلای نەبۆتەوە كە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی دە بێت بۆئەو پۆستە، بەڵام ناگاتە هەینی سبەی یەكلای دەكەینەوە كەكاندید بێت یاخود نا".
ئاژانسی نها: دەكرێت بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی یەكێتی كاندید بێت بۆپۆستی سەرۆك كۆمار؟
فەرید ئەسەسەرد، هەموو حزبێك پشتیوانی لەكاندیدەكانی خۆی دەكات هیچ حزبێك ناچێت كەسێك لەدەرەوەی حزبەكەی كاندید بكات، یەكێتی دەیەوێت ئەمجارەش وەكو پێشتر وابكات كەسێك بێت لەحزبەكەی خۆی بێت".
ئاژانسی نها: ئایە دەكرێت بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار؟
فەرید ئەسەسەرد:تامانگێك لەمەوبەر هیچ كەسێك باسی ئەوەی ناكرد كە رەنگە د.بەرهەم ببێتە كاندیدی یەكێتی تا هەفتەیەك نەبێت ئەم پرسە باسی لێوە دەكرێت یان كاندید بوونی مەلا بەختیار تامانگێك لەمەوبەر بەم گەرموو گورییە باس لەكاندیدبونی نەدەكرا بەڵام ئێستا هەلومەرجەكە جیاوازە پرسی د.بەرهەم هەیە مەسەللەی مەلابەختیار هەیە یان پرسی كاندیدە نافەرمییەكان هەیە ئەبێت ئەم پرسانە یەكلای بكرێتەوە پێم وایە كۆبونەوەی سبەی هەموو ئەم پرسانە یەكلایی دەكاتەوە".
ئاژانسی نها: ئایە یەكلای كردنەوەی ئەم كاندید وبریارانە كێشەی لێكەوێتەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: پێم وانییە ئەم مەسەلان كێشەی لێبكەوێتەوە یاخود هێندە قورس بن".
ئاژانسی نها: ئایە یەكلای كردنەوەی ئەم پرسانە مەكگۆرك دەبێت یان قاسم سولەیمانی؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە رێكەوتوین كە یەكلایی كردنەوەی هەموو پرسانە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكلایی بكرێتەوە ئەگەر هەر پێشنیازێكیش هەبن سبەی كۆبونەوەكە یەكلایی دەكاتەوە بۆ لەئێستاوە تابەیانی زۆرشت دەگۆرێن پێم وایە زۆرپرسی نوێ بێتە ئاراوە".