دیدار

سەلیم شوشكەیی: بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێر تووشی نەخۆشی دەروونی بووە



ئاژانسی نها: ئاوات خەیروڵڵا 

سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی كە لە لەلایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێرەوە بۆی هەڵبەستراوە، داوای یەك ملیار دینار قەرەبوو دەكات،  لەبەرامبەر ناوزراندنی و هەفتەی داهاتووش ئەولیژنەیە لەلایەن دادگای سلێمانیەوە دەست بەكاردەبێت چونكە مەترسی بۆسەرژیانی وخانەوادەكەی دروستبووە.

ئاژانسی نها: بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر دەڵێت گومان دەكرێت سەلیم شوشكەیی هەرێمی كوردستانی بەجێ هێشتبێت ئێستا ئێوە لەكوێن؟

سەلیم شوشكەیی : من لە هەرێمی كوردستان و لە سلێمانیم و  بەجێی ناهێڵم و لەدەستی دادگا راناكەین چونكە ئەوە ئەوانن لەدەست دادگا رادەكەن وخاوەنی كۆمەڵێ مەلەفی زۆرن و ماڵیان لەشوشەیەو بەرد لەماڵی خەڵكی دەگرن.

ئاژانسی نها: ئەم جۆرە لێدوانانەی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

سەلیم شوشكەیی : ئەم جۆر لێدوانانە لەكەسێكی دەرون نەخۆشەوە دەوترێت و پێم وایە لایەنی دەروونی تەواو نەبێت و لێرەشەوە داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەكەم چارەسەری پزیشكی بۆبكەن چونكە هەركەسێك لەپۆستێكدا بێت نابێت ئەوپۆستە ئیستیغلال بكات بۆ شكاندنی هیچ كەسێكی دیكە و دەبێت ڕێز لەیاسا بگرێت. 

ئاژانسی نها: لەبەرامبەر ئەوقسانە چی رێكارێكتان گرتۆتەبەر؟

سەلیم شوشكەیی: لە ئێستادا پارێزەرمان گرتوە و داوامان لەپارێزەرەكەی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر كردوە، هەرشتێك هەیە لەسەر من بیخاتە روو چونكە من نازانم چیان دروستكردووە چی سینارۆیەكە، بێمنەتانە دەڵێن ئەگەر ئەوان بڕوایان بەدادگا هەیە بابفەرمون رەوانەی دادگای بەغدا یاخود دادگای سلێمانی بكەن من لەئێستادا لە سلێمانیم با رەوانەی دادگای سلێمانی بكەن، بەیانی دەچمە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی بزانن ئێمە رێز لە دادگا دەگرین و ئەوانن سوكایەتی بەدادگا دەكەن و دادگاكان لەململانێ سیاسییەكان بەكار دێنن، ئەگەر نا هیچ بەڵگەیەكیان لەبەردەستدا نییە تەنیا لەوشە فڕێدان نەبێت.

ئاژانسی نها: ئایا بۆ داوای دادگای هەولێر ناكەن ئەوپرسە یەكلایی بكاتەوە؟

سەلیم شوشكەیی: من پرسیار دەكەم  ئایا بۆ لەسەدا 95 ی خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ متمانەیان بەدادگاكان نەماوە، دادگایەك بتوانێت بە زەبری دەستدرێژیكردنی ئافرەت و ئەشكەنجەدان دانپێدانان بڵاوبكاتەوە و سوكایەتی بەخەڵك بكات ئەوەچی دادگا و حاكم و ئاسایشێكە، وە دادگایەك بەسەردەشت عوسمان بڵی تیرۆرست و بە نەوشیروان مستەفا بڵێت تیرۆرست و بەئەندام پەرلەمان بڵێت تیرۆرست و بەكەسێكی دیكەی سەلەفی بڵێت تیرۆرست، واتا جیاوازی لە هیچ كەس ناكات و هەركەسێك بێتە بەردەمی ئەو وشەیە دەڵێتەوە بەتایبەت ئاسایشی پارتی، پێشتر داوامانكردوە  بەڵگە هەن تەنیا وشە فڕێدانن بۆ شكاندنی كەسانی بەرامبەر.

ئاژانسی نها: لەبەرامبەر ئەو وشانە ئێوە چی هەڵوێستێكتان گرتۆتەبەر؟

سەلیم شوشكەیی: لەئێستادا سكاڵای یاسایم لەسەر تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لەدادگای سلێمانی تۆماركردوە، دادوەر قسەكانی لێوەرگرتوم سكاڵاكەی قبوڵكردوە، لە چەن ڕۆژی ئایندە داوادەكەم جۆری ئەوسزایە لەلایەن خۆم و لیژنەیەك دیاریدەكەم كە بڕكەی یەك ملیار دینارە دیاری بكرێت وەكو قەرەبوو چونكە ئەو جۆرە تەشهیرو ناو زڕاندنانە مەترسی بۆسەر ژیانی خۆم وماڵو منداڵم و كەس وكارم دروستكردوە. 


ئاژانسی نها: وەكو خۆت باسی لێوەدەكەی ئەوقسانەی تارق نوری تۆمەتن بۆچی بۆتۆی دروست دەكەن؟

سەلیم شوشكەیی: پرسەكە ئەوەنییە ئەوان دەیانەوێت پرسی ساڵیادی بەدەستەوەدانی شەنگال لەلایەن پارتی و ئەوبەرپرسانەی كە لیژنەیان بۆ دروستكراوە كەسێكیان لەگوڵ كاڵتریان پێنەوتراوە و بە شەش كاتژمێر شەنگالیان چۆڵكردبوو بە هاوڵاتیەكیان نەوتبو ئێمە رادەكەین ئێوەش فەرمون ئێوە پێشی ئێمە بڕۆن و ئەوە كەیسێكە وە پەڵەیەكە هەرگیز ناتوانن بە تۆمەتباركردنی پەرلەمانتار و خەڵك و مەلای مزگەوت ئەوبابەتە پەردەپۆشبكەن.

ئاژانسی نها: بەڵام ئاسایشی هەولێر باس لەوەدەكات هانی خەڵكت داوە بچنە نێو داعشەوە؟ 

سەلیم شوشكەیی: لە هەرشوێنك بگەڕێت لەوتارەكانمدا بگەڕێ هیچ شتێكی لەو جۆرەی تێدانیە، پێشتر من لەنێو هۆڵی پەرلەمان داوام كردوە هەركەسێك بازرگانی لەگەڵ داعشكردوە و دانی بەخەلافەتەكەی داعشدا هێناوە وەكو دەوڵەتێكی ئیسلامی وە هەركەسێك شەنگالی رادەستی داعش كردوە یان هەركەسێك دەستی هەبوە لەرادەستكردنی ئەو هەموئێزیدیانە و یاخود ئەوانەی پاڵپشتی فكریان دەكات، لیژنەی لێكۆڵینەوەیان بۆ دروستبكرێت و بەدواداچونی بۆ بكرێت و ئەوكەسانە بدرێتە دادگایەكی عادیلانە، بۆیە پرسیار دەكەم كەسێك بۆ ماوەی چوارساڵ پەرلەمانتار بێت چی پەیوەندیەكی بەداعشەوە هەیە و دەبێت تۆمەتێك دروست بكەیت رێگەی تێبچێت، بۆ عێراقێك كە خاوەنی چەندین دەزگای ئەمنی وسیخوڕی بێت نازانێت من داعش بووم وە بۆ دووخولە سیڤی من چۆتە بەردەم داگای فیدراڵی كە بۆ دووخولە پەرلەمانتارم هەربۆیە شتەكە لە كەسێكەوە ئەوشتانە باس دەكات كە دەرونی نەخۆشبێت. 

ئاژانسی نها: هیچ تاوانێكی وات ئەنجامداوە شایەنی ئەم قسانە بێت كە بەرامبەرت دەیكەن؟

سەلیم شوشكەیی: تەنیا تاوانی من ئەوەیە كە لەماوەی چوارساڵی رابردوو هاوكاری سەد خانەوادەی شەهیدی پێشمەرگە بكەین لەرووی خۆراك و كەلوپەل و پێداویستییەكانمان بۆ بردوون بە بەڵگەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕی لێیان نەدایەوە، هەروەها سێ نەخۆشمان رەوانەی دەرەوە كردووە بۆ چارسەری پزیشكی لەسەر ئەو موچەیەی وەرمانگرتوە و هەروەها ئەوپارەیەی بۆ ئۆتۆمبیلی پەرلەمانتاران دیاریكرابو بڕی پەنجا هەزار دۆلار بۆ هەر پەرلەمانتارێك دیاریكرابو، ئێمە واژۆمان كۆكردەوە بۆئەوەی بۆ پێشمەرگە ڕەوانەبكرێت، تاوانی ئێمە ئەوەبو لەسەرمای زستان نەوت بۆ بەشێك لەو پێشمەرگانە دابین بكەین كە بەشێكیان پاسەوانی بیرە نەوتەكانی پارتی بوون ئەوە تاوانەكانی ئێمەیە.




 

2018-08-07
زیاتر...
1
Copyright © All rights reserved.