وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغداد دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
بۆ تێگەیشتنێکی هاوبەش، بڕیارە سبەینێ وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە سەردانێک بگاتە بەغداد و دۆسیەکانی ئاسایشی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هۆکاری سەرەکیی سەردانەکەی دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سبەینێ یەکشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک دەگاتە بەغداد و بڕیارە لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی عێراق کۆببێتەوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیش دۆسیەی ئاسایشی ناوچەکە، ئاو و چەند پرسێکی دیکە دەبێت.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، فوئاد حسێن و هاکان فیدان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا گەیشتنە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەپێناو پەرەدان بە چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاوی عێراق، هەروەها دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، باسێکی تری گفتوگۆکانیان بوو.
|