نها نیوز – هەواڵەکان
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکردە سیاسییە سوننەکان لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ بە ناوی "هاوپەیمانی یەکگرتووی سەرکردایەتی سوننە".
هاوپەیمانێتیە نوێ یەکە پێکدێت مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری، موتەنا سەمەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، ئەحمەد جبوری سەرۆکی پارتی ئەلجەماهیر و زیاد ئەلجەنابی سەرۆکی بلۆکی دەستپێشخەری.
هاوپەیمانێتیە نوێ یەکە دوای کۆبوونەوەی داخراوی سەرکردە سیاسییەکان لە بەغدا ڕاگەیەندرا، بەڵام سەرۆکی پارتی پێشکەوتن، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراقی تێدا نییە.
پارتی پێشکەوتن بە سەرۆکایەتی حەلبوسی دووەم گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی عێراقە و لە کۆی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق 37 کورسی هەیە.
هاوپەیمانییەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە دواتر بەرنامەی هاوپەیمانی سیاسی نوێ ڕادەگەیەنرێت.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "بەردەوام دەبن لە تەواوکردنی فایلی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ و یاسایی و سیاسی و بەدەستهێنانیان بۆ پێکهاتەی سوننە لە سەرتاسەری عێراق و پارێزگارەکانی باکور و ڕۆژئاوا بەتایبەتی".
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی نوێی سوننە لە کاتێکدایە کە باس لە داڕشتنەوەی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی نفوزی تاران، کە لایەن کوتلە چەکدارەکانی نزیک لە تاران نوێنەرایەتی دەکەن.