هەڵبژاردن.. سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
نها نیوز – هەواڵەکان
لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 32 هەزار کارتی دەنگدان لە عێراق دابەشکراوە و پارێزگای سلێمانیش یەکەمی سەر ئاستی عێراق و هەرێمە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، لە ماوەی هەفتەیەکدا و لە رۆژی 29ـی 6ـی 2024 تا 4ـی 7ـی 2024، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، 32 هەزار و 213 کارتی دەنگدان دابەشکراون.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، لە ماوەی هەفتەیەکدا 19 هەزار و 197 کارتی دەنگدان دابەشکراون، بەجۆرێک پارێزگای سلێمانی زۆرترین کارتی دەنگدانی تێدا دابەشکراوە کە نۆ هەزار و 699 کارتە و بەوشێوەیەش یەکەمی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمە. پارێزگای کەرکوکیش کەمترین کارتی تێدا دابەشکراوە لەسەر ئاستی عێراق کە 63 کارتی دەنگدانە.
هەروەها پارێزگای هەولێر لەماوەی ئەو هەفتەیەدا پێنج هەزار و 967 کارتی تێدا دابەشکراوە و پارێزگای دهۆکیش سێ هەزار و 531 کارتی تێدا دابەشکراوە.
بەگوێرەی پێنجەمین مەرسومی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، رۆژى 20ـی 10ـی 2024ـی وەک وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان دیاریکردووە.
|