ئابوری

ئێستا گەیشت.. حکومەتی هەرێم چارەنوسی چوار لیستی مووچەی مانگی پێنج ئاشکرا دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

بەپێی هەواڵێکی میدیای پارتی، بەغدا جگە لە هێزە ئەمنییەکان، پارەى لیستی چوار مووچەى دیکەی بۆ مانگى ئایار نەناردووە، کە کۆی پارەکەیان زیاتر لە 80 ملیار دینارە.
   
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیای پارتی دەڵێت "لیستى مووچە جگە لە هێزە ئەمنییەکان، پارەى مووچەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی، وەزارەتى کارەبا و خانەنشینى سەربازیى بۆ مانگى ئایار نەناردووە، کە کۆی پارەکەیان زیاتر لە 80 ملیار دینارە. لەکاتێکدا هیچ کێشەیەکى لە بەغدا نەبووە و وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕێى واژۆکردنى ناردنى پارەکەیانە لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە.
 
سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانەوە بە میدیای نزیک لە پارتی ئاشکرای دەکات "مانگەکانى پێشوو لیستى مووچەى ئەو شوێنانە هیچ کێشەیەکى نەبووە و لەگەڵ پارەى مووچەى فەرمانبەرانى دیکە نێردراوە.

لای خۆشیەوە سروە زەنگەنە، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەهەمان میدیا دەڵیت "تاوەکو ئێستا زانیارییەکان بەو شێوەیەن کە مووچەى هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینى سەربازیى لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە بەر لە جەژن بنێردرێت ئەگەر کێشەى بۆ دروست نەکرێت".
 
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە بۆ مانگى ئایار لیستى ناوى مووچەى هێزە ئەمنییەکان بە کۆد دەبێت، بەڵام بۆ مانگى داهاتوو بە ناو دەبێت.
 
13ى حوزەیران دوایین رۆژى دەوامى فەرمیی حکومەتى عێراقە بەر لە دەستپێکردنى پشووى جەژنى قوربان، بەگوێرەى زانیارییەکان دوایین هەوڵ لەلایەن وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانەوە دەدرێت بۆ ئەوەى بەغدا پێنجشەممە پارەى ئەو شوێنانە بنێرێت.
                                                
ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتى دارایی عێراق زیاتر لە 450 ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگى ئایار رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، لە کاتێکدا تێکڕاى پارەى مووچەى مانگێک زیاتر لە 950 ملیار دینارە.

 
 
2024-06-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.