کوردستان

مژدەیەکی خۆش بۆ موچەخۆرانی خانەنشین گەیشت

نها نیوز - هەواڵەکان

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە گەورەی بەسەر هەمواری بودجەی عێراقدا هاتووە، جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق مژدەیەکی خۆش بۆ مووچەخۆرانی خانەنشین ئاشکرای دەکات.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتی "گۆڕانکاریی گەورە لە هەمواری یاسای بودجەی عێراق ڕوویداوە و بەپێی خشتەی بودجەکە بۆ ساڵی 2024 پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار تریلیۆن دینار زیادیکردووە".

جەمال کۆچەر ئاشکراشی دەکات "بەپێی هەمواری یاسای بودجە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بەجێبەجێکردنی یاساکە یان پابەند نەبێت حکومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی، چونکە خەرجی ڕاستەقینە لە بەشەبودجەی هەرێم جیاکراوەتەوە، کە ساڵی ڕابردوو بەهۆیەوە کێشەی بۆ مووچەی مووچەخۆران دروستبوو".

سەبارەت بە هەواڵە دڵخۆشکەرەکەش، ناوبراو دەڵێت "بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و سوودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بکرێن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕۆژی 19ی ئایار لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دا، خشتەکانی بودجەی 2024ی پەسند کرد، ڕۆژی سێشەممە 22ی ئایار خشتەکە گەیشتە پەرلەمانى عێراق.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024، 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینارە، کە 14 تریلیۆن و 840 ملیار و 223 ملیۆن و 778 دینار بۆ بودجەی بەکاربردنە.

بەپێی ئەو خشتەیەی بڵاوکراوەتەوە، قەبارەى بودجەى گشتیی ساڵی 2024ی عێراق، نزیکەى 210 تریلیۆن دینارە و 12 تریلیۆن دینارى لە بودجەى 2023 زیاترە.

ئ.ز
2024-05-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.