وەرزش

یوڤانتوس ده‌یه‌وێت گورزێكی دیكه‌ له‌ ریاڵ مه‌درید بدات


یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، دوای دوو ساڵ لە وەشاندنی گورزێکی تووند لە ریال مدرید، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە چنگی دەرهێنا، خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی گورزێکی دیکە لەو یانەیە بدات.

لە ساڵی 2018 یوڤێنتوس لە ماوەی شەو و رۆژێکدا رۆناڵدۆی لە ریال مەدرید وەرگرت، بەڵام وادیارە ئەمجارەش دەیەوێ گورزێکی هاوشێوەی رۆناڵدۆ ئاراستەی بکات و زینەدین زیدانی راهێنەر لە مەدریدەوە بباتە تۆرینۆ، بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی.

لە ساڵی 2019 دەنگۆی ئەوە هەبوو زیدان ئەرکی مەشقەکانی یوڤێنتوس لەجیاتی ماسیمیلیانۆ ئالێگری وەربگرێت، بەڵام دواتر گەڕایەوە ریال مەدرید و شوێنی سانتیاگۆ سۆلاری گرتەوە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە فەرەنسا، رایانگەیاند "بەرپرسانی یوڤێ لە رێگەی چەند نێوانگیرێکەوە نامە بۆ زیدان دەنێرن بۆ ئەوەی رازی بکەن ریال مەدرید جێبهێڵێت و پۆستی راهێنەرایەتی یوڤێنتوس وەربگرێت".

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، بەرپرسانی یوڤێنتوس دەیانەوێ سوود لەو پڕوپاگەندانە وەربگرن کە دەڵێن زینەدین زیدان و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید ناکۆکن".

بەپێی ئەو سەرچاوانە زیدان داوا دەکات یانەکەی گرێبەست لەگەڵ هەندێک یاریزان بکات کە لەگەڵ پلانەکانی بگونجێن، کەچی پێرێز لەبارەی هەندێک لەو یاریزانانە هاوڕانییە لەگەڵ زیزۆ و رازی نییە گرێبەستیان لەگەڵ بکات.

زیزۆ لە ساڵی 1996 تاوەکو 2001 یاری بۆ یوڤێنتوس کردووە و دواتر چووەتە ریزەکانی ریال مەدرید و لەوێ وازی لە یاریکردن هێناوە، ئێستاش بەرپرسانی یوڤێنتوس دەیانەوێ بیکەنە شوێنگرەوەی ماوریزیۆ ساری، کە بەدڵیان نییە.
2020-04-19
زیاتر...