ئابوری

تەیف سامی لەبارەی تەوتینەوە بڕیاری یەکلاکەرەوەی راگەیاند و سێ بانکیشی دەستنیشانکرد

نها نیوز - هەواڵەکان
 
تەیف سامی لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە زووترین کات ناوی چواری، ساڵی لەدایکبوون، ناوی دایک، ژمارەی موباین، ناونیشانی نیشتەجێبوون، ژمارەی راژە، ئاراستەی دارایی بکات بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی تەوتین لە یەکێک لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید و بانکی بازرگانی عێراق، لەوبارەیەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "تەوتینی فەرمانبەرانی هەرێم، بڕیاری دادگای فیدراڵییە و یەکلابووەتەوە".

سەباح شێخ حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی وت "تەوتینی فەرمانبەرانی هەرێم، بڕیاری دادگای فیدراڵییە و یەکلابووەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراقیش لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگادا، دەستیکردووە بە رێکارەکانی تەوتینی فەرمانبەرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکان.

سەباح شێخ حەبیب ئاشکراشیکرد "بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێم پابەند دەکات کە داتا و زانیاری مووچەخۆرانی بۆ دارایی عێراق بنێرێت بەمەبەستی دروستکردنی تەوتین بۆ فەرمانبەرانی، هاوکات وەزارەتی دارایی داوای لە نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا کردووە کە پێویستە تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوی فەرمی کە رۆژی 7ی نیسانی 2024 ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی لە بەغدا کردووە و ئیمزای تەیف سامی وەزیری دارایی لەسەرە داوای کردووە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی بازرگانی عێراقی تەوتینیان بۆ بکرێتەوە.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عیراقدا کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا کراوە تێیدا هاتووە، پێویستە حکومەتی هەرێم بە زوترین کات ناوی چواری، ساڵی لەدایکبوون، ناوی دایک، ژمارەی مۆبایل، ناونیشانی نیشتەجێبوون، ژمارەی راژە، ئاراستەی دارایی بکات بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی تەوتین بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لەو بانکە حکومیانەی ئاماژەی پێداوە.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عیراق کە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، پێویستە هەرێم لەسەر ئەو بانکانەی بۆ تەوتین دیاریکراون لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن.

لای خۆشیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەلەمانی عێراق دەڵێت "ئەرکی حکومەتی هەرێمە یان مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، یان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات، لە ئێستاشدا وەزیری دارایی عێراق لەسەر پرسی تەوتین نوسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە، پێویستە حکومەتی هەرێم وەڵامی بداتەوە.

جەمال کۆچەر باس لەوەش دەکات "لەمیانی کۆبوونەوەی لیژنەکەشمان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، چەندینجار ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی روونە و پێویستە پرۆسەی تەوتین لە بانکە حکومییەکان ئەنجام بدرێت، لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگی هەیە، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن و کێشەکە چارەسەر بکات.

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق روونیشیکردەوە "دوای تەواوکردنی رێکارەکانی بە نیشتمانیکردن لە هەرسێ بانکە حکومییەکە، ئەم بانکانە دەتوانن هەماهەنگی لەگەڵ ئەو بانک و دەروازە ئەهلییانەی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە مۆڵەتییان پێدراوە و لە هەرێمی کوردستان بەردەستن بکەن، تاوەکو فەرمانبەرانی هەرێم بتوانن مووچەکانیان لەو بانک و دەروازانە وەربگرن، کە دەیانەوێت بەخواستی خۆیان.

نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق پشتدەبەستێت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، کە رۆژی 21ی شوباتی 2024 لەبارەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە دەریکرد و بڕیاریدا، مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکاندا تەوتینیان بۆ بکرێتەوە، بۆ ئەمەش حکومەتی هەرێمی ناچارکرد کە داتا و زانیاری مووچەخۆرانی بۆ دارایی عێراق بنێرێت، هاوکات هەریەك لە سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندکرد بە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندکرد بەدابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم.

ئ.ز
 
2024-04-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.