راپۆرت

گەرمیان.. زیادبونی رێژەی توشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە ترسی لای هاوڵاتیان دروستکردووە

ئاژانسی نها: زەردەشت محەمەد

هاوڵاتیان و ڕێکخراوە ژینگە پارێزەکانی گەرمیان، هۆشداری دەدەن لەزیادبوونی  رێژەی توشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە لەناوچەکەداو داوا لەوەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لەزیادبوونی ئەو نەخۆشییە  فراوان بکەن و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمیش رایدەگەیەنێت، رێژەی توشبوان بەنەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی کوردستان  بەراورد بەجیهان رێژەیەکی زۆر کەمە.


ئیبراهیم زەریف سەرۆکی رێکخراوی ژینگە پارێزی گەرمیان بە ئاژانسی نهای  راگەیاند "مەترسی و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیانی گەرمیان لەبەرامبەر نەخۆشی  شێرپەنجە گەیشتۆتە لوتکە و باس لەوەش دەکرێت رۆژانە رێژەی توشبوان بەم نەخۆشییە لەگەرمیان لەزیادبوندایە".

وتیشی "وەکو رێکخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان داوا لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم و بەرپرسی WHO و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و  کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین، دیبەتێک سازبکەن بۆئەوەی راستی و ریژەی نەخۆشی شـێرپەنجە لەگەرمیان بخەنە روو، چونكە لێرە و لەوێ دەنگوباس و راپۆرتی تۆقێنەر دەبیستین و دەبینین، هەروەها رۆژانەش زۆر بوونی ژمارەی نەخۆش و مردووەكانیشمان بەم نەخۆشییە بە چاوی خۆمان دەبینین، بۆیە دەمانەوێت سەرچاوە و هۆكاری سەرەكی تووشبوون بە نەخۆشییەكەمان بۆ دیاری بكەن، لە گەڵ دەستبەكاربوون لە سەرچۆنیتی خێرا بۆ چارەسەركردن". 

زەریف باسی لەوەشکرد "ئێمە وەک رێکخراوە ژینگەییەکان نیگەرانین  لەزیادبوونی رێژەی توشبوان بەنەخۆشی شێرپەنجە و دەمانەوێت بزانیین ئەوقسانە تاچەند راستن باس لەوەدەکەن رێژەی شێرپەنجە لە گەرمیان لە كوردستاندا پلەی  یەكەمەو لە عێراقیشدا بە پلەی دووەم دێت".


هاوڵاتیانیش هاوشێوەی رێکخراوە ژینگەییەکانی ناوچەکە نیگەرانن و   کەمتەرخەمی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی و ناهۆشیاری هاوڵاتیان  بەهۆکاری زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە دەزانن.

ئارام  قادر ئەحمەد وەك هاوڵاتییەكی گەرمیان بۆ ئاژانسی نها ئاشکرایکرد "ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا پێمان دەڵێن ژمارەیەکی زۆر لەو نەخۆشانەی لەوێ چارەسەریان بۆ دەکرێت دانیشوی ناوچەی گەرمیانن، ئەوە بۆ ئێمەی هاوڵاتیانی گەرمیان جێگای نیگەرانی و داخە".

وتیشی "کۆمەڵێک هۆکار هەن وایانکردووە رێژەی توشبوان بەو نەخۆشیە لەناوچەکەدا زیادبکات لەوانە: ئەو جەنگە یەک لەدوای یەکانەی لەماوەی رابردوودا لەشارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق رویاندا، کاریگەری خراپیان  کردۆتە سەر ژینگەی گەرمیان، چونکە گەرمیان هاوسنورە لەگەڵ شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق‌، هەروەها ‌گەرمیان ژینگەیەکی لەباری نییە لەگەڵ ئەوەشدا خراپی و نزمی کوالێتی ئەو خۆراکانەی لەبازاڕەکاندا هەیە، ئەمانە  کۆمەڵە هۆکارێکن بۆئەوەی هاوڵاتی دوچاری نەخۆشی شێرپەنجە ببێت".


ئەو هاوڵاتییە ئەوەشی باسكرد "لەگەڵ ئەوەی ئێمە  وەک هاوڵاتی نیگەرانین  لەوەزارەتی  تەندروستی  نەیتوانیوە وەک پێویست بەئەرکی خۆی هەستێت لە هەمانکاتیشدا نیگەرانین لەوەی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ناوەندەکانی خوێندن و  مزگەوتەکان بەکاربهێنین بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لەمەترسی ئەم نەخۆشیە، ئەمە لەکاتێکدایە هۆشیاری هاوڵاتیان لەئاستێکی ئێجگار نزمدایە".
دکتۆر خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بە ئاژانسی نها-ی راگەیاند "جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان رێژەی تووشبوان بەنەخۆشی  شێرپەنجە لەپارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکەدا نییە و بەپێی ئەو ئامارانەی لەوەزارەتی تەندروستین رێژەی تووشبوان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر لەیەکەوە نزیکن". 

وتیشی "بەپێی دوا ئامار رێژەی  تووشبوی شێرپەنجەی ساڵانە 99 لە سەد هەزار کەسە، ئەوەش بەراورد بەوڵاتانی جیهان رێژەیەکی زۆر نییە، ئەگەر چی پلانی ئێمە ئەوەیە ئەو رێژەیە کەمتربکەینەوە، چونکە بەپێی توێژینەوەکان دەتوانرێت  پێش بەو نەخۆشییە بگیرێت".

خاڵس قادر جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە "ئەگەر هاوڵاتیان پەیڕەوی ژیانێکی تەندروست بکەن و هەروەها دوربکەونەوە لە خۆراکی لەقوتونراو، ئەوا ئەگەری توشبونیان بەنەخۆشی شێرپەنجە زۆر کەمدەکات". 


دەربارەی هەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ رێگریکردن  لەو نەخۆشییە
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکرد "نەخۆشی شێرپەنجە لای ئێمە یەکێکە لەو بابەتانەی گرنگی تایبەتی پێدەدرێت و خۆشبەختانە سندوقی کۆمەکی تووشبوانی  شێرپەنجە دانرا، ئەوەش زۆر گرنگ بو بۆ ئێمە، لەبەر ئەوەی زۆر هاوکاری دەکرێین لەو رێگەیەوە، هەروەها دەمانەوێت بۆ لەمەودوا زیاتر کار لەسەر لایەنی  هۆشیاری بکەین و دەمانەوێت گرنگی زیاتر بە توێژینەوە بدەین، چونکە توێژینەوەی ئێمە تاوەکو ئێستا زۆر لاوازبوو، وە هەوڵدان بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان، ئەمانە کۆمەڵێک رێکاری گرنگن دەمانەوێت لە داهاتوودا بیگرینەبەر، جگە لەوەی داوا لەکەناڵەکانی راگەیاندن و رێکخراوەکان دەکەین   کاربکەن بۆهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و هەروەها داوا لە سەرمایەداران دەکەین هاوکاری سندوقی کۆمەکی تووشبوان بکەن".

2018-08-15
زیاتر...
123