ئابوری

ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ مووچەی مانگی سێ ئاشکرا بوو

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ بەغدای ناردووە بێ گرفت بێت، "بەر لە جەژن بەغدا مووچەی مانگی ئازار دەنێرێت".

غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای یەکێتی وت "لە بەغداوە هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە و تا ئەوکاتەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی هەژماری بانکی، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت.

ئاماژەی بەوەشدا "بۆ مانگی ئازار ئەگەر هیچ گرفتێک لە لیستەکدا نەبێت، وەزارەتی دارایی عێراق دوای وردبینی پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی بکات.

رۆژانی رابردوو هونەر جەمال، وتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان رایگەیاند "لیستى مووچەى مانگى ئازار رەوانەی بەغدا کراوە، هاوپێچى پلە بەرزکردنەوەى لەگەڵدا نییە، چونکە ئەو لیستەى ئامادەدەکرێت بە پلەبەرزکردنەوەوە هێشتا تەواونەبووە.

هاوکات هونەر جەمال بە نها نیوزی وت "جارێ زووە بۆ ئەو پرسیارە.

ئەمرۆش بۆ پرسی مووچەی مانگی سێ شاندێکی حکومەت بە یاوەری ئاوات شێخ جەناب وەزیریی دارایی حکومەتى کاربەڕێکەر گەیشتنە بەغدا.

 ئ.ز

 
2024-04-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.