ئابوری

ئایا پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەش دەکرێت؟ نها نیوز زانیاری نوێ بڵاودەکاتەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

دوای ئەوەی ئەمشەو وتەبێژی وەزارەتی دارای حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند کە لیستی مووچەیان بە ئۆنڵاین ناردووە بۆ بەغدا، لەبارەی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ مووچەی مانگی سێ و دابەشکردنی نها نیوز زانیاری نوێ بڵاودەکاتەوە.

شەوی دوو شەممە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاند "لیستی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانیان بە ئۆنلاین بۆ بەغدا ناردووە.

لەبارەی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ مووچەی مانگی سێ، دارا سێکانیان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوز دەڵێت "بەپێی بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە شرۆڤەیکرد و باسی لەوەکرد ئەگەر پرۆسەی تەوتینیش دوابکەوێت هەتاوەکو تەوتینەکە تەواو دەبێت، پێویستە حکومەتی عێراقی فیدراڵ مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بەو شێوازەی کە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی فەرمانبەران بنێرێت بۆ بەغدا.

لەبارەی ئەوەی کەی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەستپێدەکات؟ سێکانیان ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر هەرێم لیستەکەی ناردبێت، دوای ئەوەی وردبینی لە لیستەکە تەواو بوو لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئەوکاتە بەدڵنیایەوە حکومەتی عێراقی پارە دەنێرێت بۆ موچەی مانگی سێی فەرمانبەران، بەڵام ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو مانگی شوبات دابەشکردنەکە دوادەخات یاخود یەکسەر دەست بە دابەشکردنی دەکات پێم وایە لای حکومەتی هەرێمە.

ئەندامەکی پەرلەمانی عێراق جەختیشیکردەوە "ووردبینی تەواو بێت، ئەو کات بەغدا بڕی مووچە دەنێرێت. یان دوای ووردبینی تەواو وەک مانگی ڕابردوو بڕی مووچە دەنێرێت.

سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش، دارا سێکانیان دەڵێت "عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەو لیست و زانیاریانە دەکەن کە حکومەتی هەرێم ڕەوانەی دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 28ی ئازاری 2024، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان دوای 58 رۆژ لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە ئەمڕۆ دووشەممە مووچەی هەریەکە لە وەزارەتەکانی (بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتیەکان، گواستنەوەو گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشت و گوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رۆشنبیری لاوان و خانەنشینی شارستانی دابەشکرد.

هاوکات تا ئێستا دیار نییە بەغدا هاوشێوەی مانگی ڕابردوو بە گوێرەی لیست موچە دەنێرێت یاخود سوردەبێت لەسەر دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بەگوێرەی دروستکردنی هەژماری بانک.

ئ.ز
2024-04-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.