راگرتنی پلەبەرزكردنەوە زیانی 6 بۆ 10 ملیۆنی لە هەر فەرمانبەرێك داوە
نها نیوز- هەواڵەکان
ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “یەکێک لە سوودەکانی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆرانە، کە ماوەی 8 ساڵە بەنایاسایی حکومەتی هەرێم ڕایگرتووە”.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “بەوپێیەی لە داهاتوودا حکومەتی عیراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین دەکات، هیچ ئەرکێکی دارایی ناکەوێتە سەر حکومەتی هەرێم بۆیە دارایی هەرێم لەم کاتەدا داوای لیستی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی لە وەزارەت و دەستەکان کردووە”.
دەشڵێت: “8 ساڵە حکومەتی هەرێم ستەم لە مووچەخۆرانی دەکات و بەنایاسایی پلەبەرزکردنەوەی ڕاگرتووە، لەئێستاشدا یەکێک لە مەرجەکانی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆران دەبێت، کە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوه‌ی 8 ساڵه به‌هۆكاری قه‌یرانی دارایی له هه‌رێم پله به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی مه‌ده‌نی هه‌رێمی كوردستان ڕاگیراوه، كه بۆ زۆرینه‌ی فه‌رمانبه‌ران دوو یان سێ پله‌به‌رزكردنه‌وه ده‌كات، بەوەش هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه به‌پێی خشته‌ی پله به‌رزكردنه‌وه بڕی 5 ملیۆن و 700 هه‌زار دینار هه‌تا 9 ملیۆن و 600 هه‌زار دینار زیانی به‌ركه‌وتووه.
دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵای ژمارەیەک فەرمانبەر، کە بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاڕاستەیان کردبوو، ئاماژەی بەوەداوە: “لەگەڵ ئەوەی ئەو پرسە تایبەتمەندی دادگاکەمان نییە، بەڵام بە دروستبوونی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بە ئاسایی پلەبەرزکردنەوەش دەستپێدەکاتەوە و هاوشێوەی مووچەخۆرانی عیراق شتێک نامێنێت بەناوی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە”.
|