نها نیوز- هەواڵەکان
هەناردەی نەوت لە كێلگەكانی كەركوكەوە بۆ پاڵاوگەی دۆرە لە بەغدا دەستیپێكردەوە.
لەدوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014، بەشێكی زۆری هێڵەكانی بۆری نەوتی كەركوك زیانیان بەركەوتوو، بەهۆیەوە هەناردەكردنی نەوت لێیانەوە راگیرا.
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكرد "نەوتی كەركوك لەڕێی وێستگەی K3ەوە هەناردەی پاڵاوگەی دۆرە كراوە، دوای ئەوەی بەشێوەیەكی باش هێڵەكە نۆژەنكراوەتەوە".
ئەوەشی خستوەتەڕوو "كاركردن بەردەوامە بۆ نۆژەنكردنەوەی هێڵەكانی دیكەی گواستنەوەی نەوت وەكو هێڵی (كەركوك – دۆرە – موسەیب) و هێڵی (كەركوك – بەسرە)".
دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ پاڵاوگەی دۆرە، لەكاتێكدا بەگوێرەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتەكەیان ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دەبێت لەڕێگەی چەند تیمێكی هونەرییەوە سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆریی نەوتی كەركوك - جەیهانە كە نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەگوازێتەوە.
بۆرییەكەی كەركوك- جەیهان لەساڵی 2014، لەكاتی داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوەو تێكدراوەو ماوەی 10 ساڵ دەبێت نەوتی پێدا هەناردەنەكراوە، حكومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی بۆرییەكەی خۆیەوە دەست بە هەناردەی نەوتی كەركوك بكاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، چاككردنەوەی بۆرییەكە نزیكەی یەك مانگی دیكەی دەوێت، نەوت لە بەشێك لە كێڵگەكانی كەركووكەوە دەگوێزێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیاو لەوێوە بەرەو بازاڕەكانی جیهان و ئەگەری هەیە لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا عێراق ئامادە بێت نەوتی كەركوك هەناردە بكاتەوە.
ماوەی نزیكەی سێ مانگ دەبێت، وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕێگەی تیمەكانی كۆمپانیای هێڵەكانی بۆرییەكانی نەوتی عێراق و كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆرییەكەیە.