کوردستان

بۆردی راگەیاندنی یەکێتی بۆ سەرۆکی نەوەی نوێ: "پەتی درۆ کورتە"

نهانیوز- هەواڵەکان

سەرچاوەیەك لە بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی (شاسوار عەبدولواحید)  سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدرالی، رایگەیاند: "كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی سەرۆكی نەوەی نوێ لەو پەندە پێشینانە دەچێت كە دەڵێت (هەتا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت)، دەیەوێت بەسیناریۆیێکی فێڵبازانەی نوێ لە لێدوانەکانی ڕابردوی پەشیمان ببێتەوە و خۆی بکات بە پاڵەوانی ئەم دەستکەوتە گرنگ و مێژووییە کە لەبنەرەتدا  دژایەتی دەکرد".
سەرچاوەکەی بۆردی ڕاگەیاندن ئەوەشی دوپاتکردەوە:  "كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی شاسوار عەبدولواحید، شەرمەزارییەكی سیاسی و میدیایی گەورە بوو، چونكە بۆ ماوەی دوو ساڵە و هەتا دوێنێ شەو، خۆی و گروپەكەی رەخنەیان دەگرت و دژی هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی بوون سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو سكاڵایەی كە لە دادگای فیدراڵ تۆمار كرابوو. شەرمەزارییە  چونكە لە دوو ساڵی رابردوودا لێدوان و كۆنگرە رۆژنامەییەكانی خۆی سەد لە سەد پێچەوانەی ئەو قسانە بوون كە ئەمڕۆ لەبەردەم میدیاکاندا كردی. كەچی وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی و  وەك ئەوەی نە بای دیتبێ و نە باران، بە حسابی خۆی بە خۆنمایشكردن و هۆنینەوەی هەندێ قسە و قسەڵۆكی چەواشەكارانە بتوانێت راستییەكان لەبەرچاوی رایگشتی بشێوێنێت. ئیدی ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە هاووڵاتیانی هەرێم بڕوا بەو قسە ناڕاستانە بكەن و چەواشەکاریی ڕاستیەکان بشێوێنێت، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە لەڕۆژگارێی بوونی میدیای نوێدا فیدباک و پێوانەی ڕایگشتی ئاسان وەردەگیرێتەوە و با بفەرموێ  خۆی سەیری كۆمێنتەكان بكات و بەراوردێكی بكات لەگەڵ ئەو كۆمێنتانەی كە دوو ساڵ لەمەوبەر هاووڵاتیان لەسەر پەیامەكانی دەیاننووسی، ئیدی هەر خۆی لەگەڵ ناخی خۆی دەڵێت، ئەشهەدو (پەتی درۆ زۆر كورتە) و  بەپێچەوانەی ئیدیۆمەکەی پێشێنان ئەمجارە دز زوو دەستەکەی کەشف بوو، نەیتوانی خاوەن ماڵ بگرێت".

2024-02-21
زیاتر...