هەواڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێم: بەفەرمانی كوێخا دێرین عوزێری تەقە لەسەرمایەدارێك كراوە

نهانیوز- هه‌واڵه‌كان

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند: بەفەرمانی كوێخا دێرین عوزێری لەسلێمانی تەقە لە ئەحمەد كامیل فەقێ سەرمایەدار كراوەو بەهۆیەوە برینداركراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەستگیركردنی كوێخا دێرین عوزێری راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە " پاش ئەوەی كاتژمێر 12:10 خولەكی شەوی  29 لەسەر 30ی 1ی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم  یانەی كۆمەڵایەتی سلێمانی تەقە لە هاوڵاتی ئەحمەد كامیل فەقێ سەرمایەدار كراو بەهۆیەوە برینداركرا، دوای رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی وردی هێزەكانمان دەستپێكرد".
ئەوەشی خستوەتەڕوو"سەرئەنجام لە رۆژی  30ی 1ی 2024، بەپپێی مادەی  405  - 31ی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەكی و تەقەكەر ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی دەستگیركرا".
‎"دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بەتاوانەكەیدا ناو و دەركەوت تۆمەتبارێكی دیكە بە ناوی  ئومێد كەمال هاوكاری كردووە كە هاوپیشەیەتی و هەردووكیان پێشمەرگەن لەلای دێرین  ئەحمەد  محەمەد، ناسراوە بە كوێخا دێرین و بەبڕیاری ناوبراو تاوانەكەیان كردووە" دەزگای ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە ‎"پاشان رۆژی 5ی 2ی 2024، تۆمەتبار ئومێد كەمال كە هاوكاری كردووە دەستگیركرا".
رونیشیكردوەتەوە "ئێستا  كوێخا دێرین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە،  بە پێی مادەی 405  - 31ی   لە یاسای سزادانی  عیراقی كێشەكەشی لەسەر داواكردنی سەرانەو پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە  لە سەرمایەدارێكی سلێمانی".
"هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار (دێرین  ئەحمەد) رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی  كە بەزیادەڕۆیی كرابوونە سەر موڵكی گشتی".


2024-02-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.