وەرزش

دانوستانەکانی نێوان میسی و بەرشەلۆنە وەستاون


دانوساندنەکانى نێوان لیۆنێل میسى و بەرشەلۆنە بۆ نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى نێوانیان لە کانونى یەکەمى ڕابردووەوە وەستاوە.

گرێبەستەکەى ئێستاى میسى ئەرجەنتینى کاپتنى بەرشەلۆنە لە هاوینى ٢٠٢١دا کۆتایى دێت، بەڵام دەتوانێت لە هاوینى داهاتوودا یانەکە بەجێبهێڵێت، بەمەرجێک مانگێگ پێشتر یانە کەتەلۆنیەکە ئاگاداربکاتەوە.

ڕۆژنامەى مۆندۆى کەتەلۆنى ئاشکرایکردووە، دانوساندنەکانى نێوان میسى و کارگێڕى بەرشەلۆنە لەسەر نوێکردنەوەى گرێبەستەکەیان هیچ هەنگاوێکى نوێى بەخۆیەوە نەبینیوە لە کانونى یەکەمى ڕابردووەوە.

مۆندۆ ئاماژەى بەوە کردووە، لە ئێستادا هیچ دانوساندنێک لە ئارادا نییە و خۆرخى میسى باوکى کاپتنى یانە کەتەلۆنیەکە لە ئەرجەنتینە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، لە دوایین دانوساندندا بارتۆمیۆى سەرۆکى بەرشەلۆنە بە باوکى میسى وتووە دەیانەوێت گرێبەستەکە تا ٢٠٢٣ نوێبکەنەوە.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەکان باس لەوە دەکەن، میسى دەیەوێت ساڵانە گرێبەستەکەى نوێبکاتەوە، تا مافى ئەوەى هەبێت لە کۆتایى هەموو وەرزێکدا گەر بیەوێت بڕوات.

لە ماوەى ڕابردووشدا سەرچاوەیەکى نزیک لە میسى دووپاتیکردەوە، هێرشبەرە ئەرجەنتینیەکە هەرگیز بیر لە بەجێهێشتنى بەرشەلۆنە ناکاتەوە لە کۆتایى ئەم وەرزەدا و نیازى هەیە بەلایەنى کەمەوە تا کۆتایى گرێبەستەکەى بمێنێتەوە و دەرگاى نوێکردنەوەى گرێبەستەکەشى بە ڕووى یانەکەیدا کردووەتەوە، بەڵام پەلەى نییە لەو کارەدا.
2020-02-13
زیاتر...