راپۆرت

بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت بە پیلانێک کاربەدەستانی عێراق لە گەندەڵی تێوەبگلێنن

ئاژانسی نها....

ئاژانسی نها لە رێگەی راپۆرتێکی بنکۆڵکارییەوە ئاشکرایدەکات، بنەماڵەی بارزانی لە رێگەی چەند پیلانێکەوە دەیانەوێت کاربەدەستنانی عێراق لە گەندەڵی تێوەبگلێنن، بۆ ئەو مەبەستەش پیلانەکانیان دەستپێکردووە.

١٠ ساڵ بەسەر كشانه‌وه‌ی زۆربه‌ی هێزه‌ بریتانییه‌كان له‌ عێراق تێپەڕی، به‌ڵام كه‌یسی دادگاكانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان تیشكی نوێیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن شانشینی یه‌كگرتوو، به‌تایبه‌تیش بازاڕی خانووبه‌ره‌ی به‌دناو ئاڵۆزه‌كه‌ی له‌نده‌ن هێشتا رۆڵی هه‌یه‌ له‌و كێشه‌ی حوكمڕانییانه‌دا كه‌ عێراقیان به‌م رۆژه‌ گه‌یاندووه‌.

داوایه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ كه‌ مانگی رابردوو خرابووه‌ به‌رده‌م دادگای هه‌رێمی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ویلایه‌تی پێنسیڤانیا دژ به‌ كۆمپانیای یاسایی دێكرتی هاوبه‌شیی سنووردار (Dechert LLP) به‌ ورده‌كارییه‌وه‌ پیلانێك ده‌رده‌خات كه‌ تیایدا خانووی گرانبه‌های له‌نده‌ن وه‌كو به‌رتیل بۆ كاربه‌ده‌ستانی بواری تیلیكۆمیونیكه‌یشنی عێراق به‌كار بهێنرێت له‌ پێناو رووتكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ دیارترین وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان كه‌ سه‌دان ملیۆن دۆلاریان وه‌به‌رهێناوه‌. 

پیلانه‌كه‌ له‌لایه‌ن ره‌یمۆند ره‌حمه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاریگه‌رترین خاوه‌نكاره‌كانی لوبنان و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سیروان بارزانیدا داڕێژراوه‌ كه‌ سه‌ر به‌ خێزانی هه‌ره‌ ده‌سه‌ڵاتداری كوردستانی عێراقه‌، ئه‌و كه‌یسه‌ یاساییه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ چۆن به‌ به‌های 2.3 ملیۆن پاوه‌ندی ئیسته‌رلینی خانووبه‌ره‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی زیاتر له‌ 800 ملیۆن دۆلار كه‌ له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین كۆمپانیای تیلیكۆمی فه‌ڕه‌نسی و گه‌وره‌ كۆمپانیایه‌كی لۆجستیی كوه‌یتییه‌وه‌ له‌ عێراقدا وه‌به‌رهێنرابوو.

هه‌رچه‌نده‌ كه‌یسه‌كه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ دوبه‌یه‌وه‌ تا پێنسیلڤانیا به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت، به‌ڵام گه‌وره‌ترین كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر خودی عێراقه‌ كه‌ ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ به‌ربڵاوه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌ بكه‌وێته‌ نادڵنیاییه‌وه‌ كه‌ شانشینی یه‌كگرتوو رۆڵی له‌ دروستكردنیدا هه‌بووه‌.

سه‌ره‌ڕۆییه‌كی هاوبه‌ش.. ئه‌م پرسه‌ له‌ ده‌وری خاوه‌ندارێتیی كۆمپانیای كۆڕه‌كدا ده‌خولێته‌وه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كی تیلیكۆمی عێراقییه‌ و له‌ ساڵی 2000دا وه‌ك كۆمپانیایه‌كی ناوچه‌یی مۆبایلی سنووردار له‌ كوردستانی عێراقدا دروستكراوه‌. له‌ ساڵی 2007دا كۆڕه‌ك مۆڵه‌تی كاركردنی سه‌رانسه‌ری عێراقی له‌ كۆمیسیۆنی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن به‌ده‌ست هێنا. به‌ڵام ئه‌و مۆڵه‌ته‌ نرخه‌كه‌ی 1.25 ملیار دۆلار بوو، هه‌روه‌ها ده‌بوو ئه‌و ره‌زامه‌ندیی كۆمیسیۆنه‌كه‌ وه‌ربگرن ئه‌گه‌ر هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ 10% یان زیاتری خاوه‌ندارێتیی كۆمپانیاكه‌دا بكرێت.

كۆڕه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت تێچووی ئه‌م مۆڵه‌ته‌ بدات رووی كرده‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی، به‌ دیاریكراوی كۆمپانیای لۆجستیی كوه‌یتی به‌ناوی ئه‌جیلیتی په‌بلیك وێرهاوسینگ و هاوبه‌شه‌كه‌ی كه‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ی بواری تیلیكۆمه‌ به‌ناوی ئۆره‌نج. ئه‌جیلیتی و ئۆره‌نج پێكه‌وه‌ و دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندیی كۆمیسیۆنه‌كه‌ له‌ ساڵی 2011دا زیاتر له‌ 800 ملیۆن دۆلاریان له‌ رێگه‌ی هاوبه‌شییه‌كه‌وه‌ به‌ناوی عێراق تیلیكۆم له‌ كۆڕه‌كدا وه‌به‌رهێنا. 

له‌ به‌رامبه‌ردا، عێراق تیلیكۆم بوو به‌ خاوه‌نی 44%ی پشكه‌كانی كۆڕه‌ك و مافی ئه‌وه‌شی وه‌رگرت كه‌ له‌ ساڵی 2014دا ببێت به‌ خاوه‌نی 51%ی كۆمپانیاكه‌. به‌ڵام رێك له‌و كاته‌دا كه‌ عێراق تیلیكۆم ویستی ئه‌و خاوه‌ندارێتییه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، وه‌ك له‌ تۆماره‌كانی دادگادا هاتووه‌ كۆمیسیۆنی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن "له‌ پڕ و به‌بێ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك" هه‌ڵوێستی نه‌رێنی به‌رامبه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان ده‌ربڕی.

له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2014دا، رێكخه‌رانی كۆمیسیۆنه‌كه‌ به‌ كۆڕه‌كیان راگه‌یاند كه‌ چیتر ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌ كۆمپانیایه‌كی عێراقی نازاانن و پێویسته‌ 43 ملیۆن دۆلاری تر بده‌ن به‌ كۆمیسیۆنه‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ "خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بیانییه‌." پاش كه‌متر له‌ یه‌ك مانگ كۆمیسیۆنه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ وه‌به‌رهێنانه‌كه‌ی عێراق تیلیكۆم له‌و كۆمپانیا كوردییه‌دا " به‌تاڵ و پووچه‌ڵ و ناڕاسته‌" و فه‌رمانی دا كه‌ هه‌موو پشكه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌كانی كۆمپانیاكه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترینیان خاوه‌نكار و فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی كورد سیروان بارزانییه‌.

له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌و پشكانه‌ گه‌ڕێندرانه‌وه‌ بۆ سیروان بارزانی و خاوه‌ن پشكه‌كان تری هاوڕێی چاوشین حه‌سه‌ن چاوشین بارزانی و جیكسی حه‌مۆ مسته‌فا، ئه‌و زیاتر له‌ 800 ملیۆن دۆلاره‌ی كه‌ ئه‌جیلیتی و ئۆره‌نج وه‌به‌رهێنانیان پێ كردبوو نه‌گه‌ڕێنرایه‌وه‌. ئه‌و دوو وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ناكۆكییه‌كه‌یان برده‌ به‌رده‌م نێوه‌ندكاری نێوده‌وڵه‌تی و كه‌یسه‌كه‌ی خسته‌ به‌رده‌م ناوه‌ندی دارایی نێوده‌وڵه‌تیی دوبه‌ی (DIFC) و ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی (ICC).

له‌ بارن هیڵه‌وه‌ بۆ بانستید
لێكۆڵینه‌وه‌كانی دوای ئه‌و رووداوه‌ ئه‌و رووداوه‌ ئاڵۆزانه‌یان روونكرده‌وه‌. به‌پێی ئه‌و داوا یه‌كلایه‌نه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م دادگای پێنسیلڤانیا، دوو خاوه‌نكار كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ ره‌یمۆند ره‌حمه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌ندامێكی بێلایه‌نی لیجنه‌ی چاودێریی كۆڕه‌كه‌ و له‌ راستیدا په‌یوه‌ندیی بازرگانیی نزیكی له‌گه‌ڵ سیروان بارزانیدا هه‌یه‌، دوو خانوویان له‌ له‌نده‌ن كڕیوه‌ و دواتر ئه‌و دوو خانووه‌ له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمیسیۆنی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییكردنه‌وه‌ به‌كارهێنراون كه‌ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی كۆڕه‌ك ده‌ده‌ن.

ئه‌م خانوو له‌و دوو خانووه‌ كه‌وتووه‌ته‌ بارن هیڵ له‌ وێمبڵی و به‌ پاره‌ی نه‌خت له‌لایه‌ن پیه‌ر یووسفی هاوڕێی ره‌یمۆند ره‌حمه‌وه‌ به‌ نرخی 830 هه‌زار پاوه‌ندی ئیسته‌رلینی له‌ ئه‌یلولی 2014 دا كڕدراوه‌. 
2019-12-30
زیاتر...
12