راپۆرت

دوو ساڵ بەسەر ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێپەڕی

ئاژانسی نها...

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بەهاوکاریی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و بەتایبەت ئێران و تورکیا، هێرشیانکردە سەر ناوچە دابڕێندراوەکان و لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا، تەواوی ئەو ناوچانەیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

لەدوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سنوورەکانی باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ پاشەکشەیان کرد و ئەو ناوچەنە کەوتنە بن داگیرکارکارییی چەکدارانی داعش، دواتر هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی گەریلا لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی مەزن ئەو ناوچانەیان لە چەتەکان پاککردەوە و لەوێ ئیدارەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە پیکهێنا.

ئەوکات حکومەتی عێراق بەهۆی ئەوەی، کە بەشێکی زۆری خاکەکەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکرابوو، ڕووبەڕووی شەڕێکی بەرفراوان بووەوە لە، پێویستی زۆری بە هێزە کوردییەکان بوو، بۆیە هەڵوێستی بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ نەبوو لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و تاڕادەیەک ئارامبوونەوەی شەڕی چەتەکان، لە هەلێک دەگەڕا بۆ ئەوەی هێزەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، بەتایبەت دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، کە دەتواندرێت بووترێت ڕیفراندۆم هەلێکی زێڕین بوو بۆ عێراق، تا بیکاتە بەهانە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکانی ماددەی ١٤٠.

دوای ئەوەی بانگەشەی ریفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەریمەوە پەرەی سەند،  حکومەتی عێراق چەندین جاری هەڵوێستی تووندی دەردەبڕی لەدژی ڕیفراندۆم و هەڕەشەی کاردانەوەی سەربازیی دەکرد، حکومەتی ئێرانیش بەهەڕەشەی داخستنی سنوورەکان، هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ئەوانەی کە پێشەنگایەتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دەکرد، بە زمانی زبر وەڵامی هەڕەشە و هەڵوێستی وڵاتانیان دەدایەوە، بەجۆرێک بەرامبەر هەڕەشەکانی عێراق بێ منەتیی خۆیان نیشاندەدا و هەڕەشەی وڵامدانەوەی سەربازییان لێدەکردن.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەدەستهێنانی %٩٢ی دەنگەکان بەرەبەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی خورماتوو، داقوق و حەویجە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەبڕیاری بەرپرسانی هەرێم لەو ناوچانە کشانەوە، کەوا بەخوێنی هەزاران شەهید لە چەکدارانی داعشیان پاراستبوو، تاکە هێزیش کە لە کەرکوک مایەوە و شەری دژی هێزە عێراقییەکان کرد، گەریلاکانی پەکەکە بوون، کە ژمارەیەکی زۆر کەمیان لەو شارە بوو، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا بەهۆی ئەوەی گەریلاکان لەڕووی چەک و تەقەمەنییەوە توانایەکی کەمیان هەبوو، هێزە عێراقییەکان تەواوی ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد.

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی زیاتر بوو و تا ئیستاش یەکتر بە خیانەت تۆمەتبار دەکەن، ئاسەواری ئەو رۆژەش تا ئێستا ماوە و زۆرجار کێشەی راگەیاندن و بەرپرسەکان لەسەر ئەو پرسە دروستدەبێت.

2019-10-16
زیاتر...
123