راپۆرت

نها لە راپۆرتێکدا کێشە ناوخۆییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرا دەکات

ئاژانسی نها.. راپۆرت

تا دێت کێشە ناوخۆییەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی مەسرور بارزانی زیاتر دەبێت، خەریکە ئەو ناکۆکییەش دەگاتە ماڵپەڕە جیهانییەکان.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نها، دوورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی حكومەت لە چوارچێوەی ناكۆكییەكانی بوو لەگەڵ مەسرور بارزانی كە لەلایەن مەسعود بارزانی باوكییەوە پشتیوانی دەكرێت.

هەرچەندە پارتی هەموو هەوڵێكی بۆ شاردنەوەی ناكۆكی نێوان باڵەكانی دەدا، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ ناكۆكییەكان زیاتر ئاشكرا دەبن و ئەو ململانێیەش تەنانەت لە بچوكترین شتی وەك ماڵپەڕێكی ئەلیكترۆنییدا رەنگیان داوەتەوە.

ناکۆکییەکانی باڵەکانی پارتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم زیاتر رەنگی داوەتەوە و بەردەوام جوت ئامۆزا لە هەوڵی سڕینەوەی ئەرشیف و هەژموونی یەکترن وەکو، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی حكومەتی گرتە دەست، ماڵپەڕی پێشووی حكومەتی سڕ كرد كە ناونیشانەكەی بریتی بوو لە previous.cabinet.gov.krd و لە بری ئەوە ماڵپەڕێكی دیكەی بە ناونیشانی www.gov.krd كردەوە بۆ ئەوەی شوێنەوار و ئەرشیفی نێچیرڤان بارزانی لە ماڵپەڕی نوێدا نەمێنیێت.

لەلایەکی دیکەوە هەر لە چوارچێوەی دژایەتیكردنی باڵی مەسعود بارزانی -مەسرور بارزانیشدا بوو بۆ نێچیرڤان بارزانی كە پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆكی هەرێم، بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە سەری ڕەش گۆڕدرا بۆ بارەگای بارزانی كە مەسعود بارزانی لێ نیشتەجێیە و ئێستاش نێچیرڤان بارزانی لە بری بارەگای پێشووی سەرۆكایەتی هەرێم، لە هەولێر كاروبارەكانی بەڕێدەكات.

لەکاتی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش جارێکی دیکە لەسەر وەزارەتێک ناکۆکی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سەریهەڵدایەوە و هەرچی نێچیرڤان بارزانی بوو داکۆکی ئەوەی دەکرد کە ئاشتی هەورامی ببێتەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەکان و مەسرور بارزنیش قبوڵی نەدەکرد، هەربۆیە تا ئێستاش ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە.

سەرچاوەیەکیش لە ناو پارتی ئەو هەواڵەی بۆ نها پشتراستکردەوە کە بەڵێ بەهۆی ناکۆکی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی تا ئێستا پۆستی سامانە سورشتییەکان پڕنەکراوەتەوە.
2019-08-28
زیاتر...
123