راپۆرت

پارتی و یه‌كێتی و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك

ئاژانسی نها- راپۆرت

ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاریی كه‌ركوك به‌رده‌وامه‌ و تا دێت لێدوانه‌ دژبه‌یه‌كه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ په‌ره‌ ده‌ستێنێت، له‌لایه‌ك به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ده‌ڵێن، كێشه‌ی پارێزگاری كه‌ركوك خه‌ریكه‌ ده‌گات به‌ بنبه‌ست، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامان لێدوانی دژ به‌یه‌ك ده‌ده‌ن، هه‌رچی یه‌كێتییه‌ ده‌ڵێت، به‌بێ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی كه‌ركوك به‌شداریی له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت ناكه‌ین.

له‌ نوێترین هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك هەفتەی پێشوو، دوور لە چاوی میدیاكان، مەسعود بارزانی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی  كۆبونەتەوە و رێككەوتنێكی سەرەتاییان لەسەر ناوی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، كردووە. 

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ئاژانسی نها كه‌وتووه‌، لە چوارچێوەی زنجیرەیەك كۆبونەوەی بەردەوامی یەكێتی و پارتی كە دور لە چاوی میدیاكان ئەنجامدراوە، لە پیرمام مەسعود بارزانی لەگەڵ وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا كۆبوەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا چەند ناوێك پێشنیاز كراوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام دواتر لەسەر یەك ناو رێككەوتنی سەرەتایی كراوە، ئه‌ویش "لیوا جه‌مل تاهیره‌".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان تا راده‌یه‌ك هه‌ردوولا له‌سه‌ر لیوا جه‌مال تاهیر هاوڕابوون بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، پێده‌چێت ناوبراو بۆ ئه‌و پۆسته‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی و پارتیشدا دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی دانوستانكاری پارتی رایگه‌یاند، جیاواز له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی رابردوو له‌ كۆبوونه‌وی ئه‌مجاره‌دا بیروبۆچوونه‌كانمان له‌گه‌ل یه‌كێتی لێك نزیك بوو له‌سه‌ر كاندید بۆ پۆستی پارێزگاریی كه‌ركوك هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ پۆستی پارێزگاریی كه‌ركوك یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئه‌وش له‌ كاتێكدایه‌ ته‌نها 11 رۆژ له‌به‌ر ده‌ستی مه‌سرور بارزانیدا ماوه‌ بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ی به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌كان كاندیده‌كانیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌.

2019-07-01
زیاتر...
123