هەواڵ

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: به‌ ڕوونی دەڵێین دەنگدانمان بە سەرۆکی هەرێم پەیوەستە بە دانانی پارێزگاری کەرکوک

ئاژانسی نها..

ئەندامێکی پەرلامانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەنگدانمان بە سەرۆکی ھەرێم پەیوەستە بە گرەنتی، دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڕایگەیاندوه‌، لە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بینرا چۆن عەرەبە ھاوردەکان ئاگریان بەردایە بەرھەمی جوتیارە کوردەکان و بڕیارە شۆفینییەکانی پارێزگاری کەرکوک و ئیدارەی ناوچەکە، ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە ئیداریەی کە کورد پێشتر بەرپرسی یەکەم بوو تیایدا، بۆیە بە ڕوونی دەڵێین دەنگدانمان بە سەرۆکی هەرێم  پەیوەستە بە گرەنتی  کاتێکی دیاری کراو  و دانانی پارێزگارێکی  کورد لە پشکی یەکێتی بۆ کەرکوک.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سۆنگەی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی و نیشتیمانی و نەتەوەیی وا دەخوازێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە،  هەوڵی  جدی بدرێت بۆ گێڕانەوەی ئیدارەی کوردی لە کەرکوک و ناوچەدابڕێنراوەکان لە ئێستادا کرۆکی چارەسەرکردنی بریتیە لە  کار کردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە سیاسیەی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان  بە تایبەت گەڕانەوە و چالاککردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگایی کەرکوک ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد لە پشکی یەکێتی لە کەرکوک.

 ‌سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ڕاشیگەیاند، پێویستە پارتی  پابەندی ئەو ڕێککەوتنە سیاسیە بێت کە لەگەڵ یەکێتێدا واژووی کردوە، کە ناوەڕۆکەکەی بریتیە لە پاکێجی هەرێم و کەرکوک و بەغداد لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەیە، چونکە ئەسڵی ڕێککەوتن بریتیە لە ئیلتزام، ناکرێت ئێمە لە هەرێم ئیلتزام بکەین و سەرەڕای بونی چەندین تێبینیمان لە سەر پڕۆژە یاسایی کاراکردنەوەی دامەزراوی سەرۆکایەتی هەرێم بەڵام بوو بە یاسا و دەرچوێندرا  لە پێناو جێبەجێکردنی  ڕێککەوتننامە سیاسیەکە.

جەختیشیکردەوە، کەرکوک کۆڵەکەیەکی گرنگ و سەرەکی ڕێککەوتنەکەیە، ناکرێت ئێمە بڕگە بە بڕگەی لە هەرێم جێبەجێبکەین ئەوان ئیلتزام نەکەن و یاری بە کات بکەن، بۆیە بە ڕوونی دەڵێین دەنگدانمان بە سەرۆکی هەرێم  پەیوەستە بە گرەنتی  کاتێکی دیاری کراو  و دانانی پارێزگارێکی  کورد لە پشکی یەکێتی بۆ کەرکوک، چونکە بە بڕوای ئێمە دەبێتە هۆکار بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی بریاره شۆفینەکان و پارستنی ناوچە کوردستانیەکان لە هەوڵی تەعریب کردنەوەیان و پاراستنی هاونیشتیمانیانی کورد لە ناوچەکە.


2019-05-23
زیاتر...