پزیشکانی ئەمریکی رایدەگەیێنن لەومەودا لەرێگەی پرۆگرامێکی تایبەتی چارەسەر لەجیاتی دەرمان، سەوزە و خواردنی تەندروست بۆ نەخۆشەکان دەنوسن.
پزیشکانی ئەمریکی لە زانکۆی تافتس و نەخۆشخانەی بریگهام توێژینەوەیەکیان لەبارەی کاریگەری خواردنی خۆراکە دروستەکان لەسەر تەندروستی جەستە کۆڵیوەتەوە و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی PLOS بڵاوکردوەتەوە.
د. داریوش مۆزەفەریان، بەرێوەبەری بەشی خۆراک لە زانکۆی تافتس دەڵێت: ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە خۆراکی تەندروست چارەسەرە.
د. موزەفەریان روونیدەکاتەوە لە رێگەی ئەم پرۆگرامەوە هانی خەڵک دەدەن خۆراکی تەندروست بەتایبەت سەوزە، بکەنە بەشێک لە ژەمەکانی رۆژانەیان و لە خۆراکە خێرا و ناتەندروستەکان دووربکەونەوە.
د. یوجین لی، پزیشکی پسپۆری کۆمەڵ و یەکێکی دیکە لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت: هاندان و نووسینی سەوزە و خۆراکە تەندروستەکانی دیکە بۆ خەڵک، رێگە لە زۆر نەخۆشی دەگرێت لەوانە بەرزە پەستانی خوێن و بەرزی ئاستی کۆلیسترۆل.
پزیشکە ئەمریکییەکان دەڵێن بە پەیڕەوکردنی ئەم پرۆگرامە دەتوانن رێگە لە مردنی 1.93 ملیۆن کەس بە نەخۆشییەکانی دڵ بگرن و پێشگیری لە تووشبوونی 120 هەزار کەسیش بە شەکرە بکەن، بەڵام روونیدەکەنەوە نابێت نەخۆش لەخۆیەوە واز لە دەرمانەکانی بهێنێت بەڵکو دەبێت لەژێر راوێژی پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکەی و پزیشکی پسپۆری خۆراکدا بێت.