ناوەڕاستی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی سکاڵای کەسوکاری شەھیدان
ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دوا وادەی وەرگرتنی سکاڵای کەسوکاری شەھیدان لە دژی ئەو کۆمپانیایانەی ھاوکاری ڕژێمی بەعسیان کردووە بەپێدانی چەکی کیمیای ڕادەگەیەنێت و سەرۆکی کۆمەڵەکەش دەڵێت: دواتر ئەگەر کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە ئەو کەسانەی سکاڵایان تۆمارنەکردووە سودمەند نابن.
لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند: داوا لەسەرجەم کەسوکاری شەھیدان دەکەین ، ئەوانەی سکاڵایان دژی ئەو کۆمپانیایانەی ھاوکاری ڕژێمی بەعسیان کردووە بەپێدانی چەکی کیمیایی، تۆمارنەکردووە بێن تۆماری بکەن، چونکە کاتێکە ئەوەندەی نەماوە کاتەکەی و دواتر خۆیان بەرپرسیار دەبن".
لوقمان عەبدولقادر وتیشی: " بەرواری ١٥ی ٤ی ٢٠١٩ کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان و بۆ سکاڵا تۆمارکردنیش دەتوانن سەردانی کۆمەڵەکەمان".
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە جەختیشکردەوە: "پاش ئەو بەروارە دەرفەتی سکاڵا تۆمارکردن نامێنێت و ئێمە بەرپرسیاریەتی وەرناگرین دەرەنجامی سکاڵاکان بەھەرشێوەیەکبێت و ئەگەر کەسوکاری قوربانیان قەرەبووش بکرێنەوە ئەوانەی سکاڵایان تۆمار نەکردووە سودمەند نابن".
دەربارەی قۆناغی دوای کۆتایی ھاتنی سکاڵا، ئاماژەی بەوەکرد: "بەرواری ١٩/٦/٢٠١٩ دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسیەکەمان بەڕێوەدەچێت کە پێشتر لە دادگای ھەڵەبجە بووە، بەڵام ئەگەر دادگا قبوڵی بکات داوامان کردووە کەیسەکە بگوازینەوە بۆ دەرەوەی ھەڵەبجە".
|