وەرزش

فیفا نوێترین ڕیزبەندی ھەڵبژاردەکانی بڵاوکردەوە

ئاژانسی نھا: وەرزش

یەکێتی تۆپی پێی جیھان نوێترین ریزبەندی باشترین ھەڵبژاردەکانی جیھانی بڵاوکردەوە و تیایدا بەلجیکا لە پێشەنگی ریزبەندی مایەوە و قەتەڕیش ٣٨ پلە ھاتووەتە پێشەوەی ڕیزبەندیەکە.

بەپێی ڕیزبەندیەکەی یەکێتی تۆپی پێی جیھان بەلجیکا لە پێشەنگدا ماوەتەوە و بە جیاوازی تەنیا خاڵێک لە پێش فەڕەنسای پاڵەوانی مۆندیاکدایە کە پلەی دووەمی گرتووە، بەڕازیلی خاوەنی پێنج جامی جیھانی پلەی سێیەمی ڕیزبەندییەکەی گرتووە و  و کرواتیا و ئینگلتەراش بەدواییەکدا پلەکانی چوارەم و پێنجەمیان گرتووە.

لە پلەکانی شەشەم تا دەیەمیشدا پورتوگال و ئۆرۆگوای و سویسرا و ئیسپانیا و دانیمارک بەدواییەکدا دەبینرێن و ئەرجەنتینیش لە پلەی ١١دایە.

ھەروەھا ھەڵبژاردەی قەتەربەشێوەیەکی بەرچاو ھاتووەتە پێشەوە و  بەھۆی بەدەستھێنانی جامی ئاسیای ٢٠١٩، کە مانگی رابردوو لە ئیمارات بەڕێوەچوو، ٣٨ پلە ھاتووەتەوە پێشەوە و لە ئێستادا لە پلەی ٥٥دایە، 

ھەڵبژاردەی عێراقیش ھەشت پلە سەرکەوتووە و پلەی ٨٠ی ریزبەندیەکەی گرتووە و ھەڵبژاردەی ئێرانیش حەوت پلە سەرکەوتووە و پلەی ٢٢ھەمی باشترین ھەڵبژاردەکانی جیھانی گرتووە.



2019-02-07
زیاتر...