هەواڵ

خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان دەستپێدەکاتەوە

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ھۆشداری دەدات لە دەستپێکردنەوەی بایکۆت و خۆپیشاندانەکان لە ئەگەری لانەبردنی پاشەکەوت و دەشڵێت " چاوەڕوانی حکومەتی نوێین کە بزانین پلانی چیە".

عەتا ئەحمەد ڕەمەزان، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند " لە ڕابردووشدا پێمان وابووە داھاتی حکومەتی ھەرێم ئەوەندە زۆرە دەتوانرا پاشەکەوتی موچە لاببرێت، لە ئێستاشدا بە ناردنی ٥٢٢ ملیار دیناری مانگانە حکومەت ھیچ بیانوویەکی نامێنێت بۆ بەردەوامیدان بە پاشەکەوت و پێویستە پاشەکەوت لاببرێت".

وتیشی "لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت گفتوگۆمان کردووە و پێیان ڕاگەیاندووین کە پێویستە حکومەتی نوێ پێکبھینرێت، بۆیە لە ئێستادا چاوەڕوانی پێکھێنانی حکومەتی نوێین پیکبھێنرێت و بزانین پلانی چیە بۆ لابردنی پاشەکەوت".

جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەشدا " ئەگەر حکومەت پاشەکەوت لانەبات ئەوا ھەڵوێستی دیکەیان دەبێت و بە دڵنیاییەوە بایۆکۆتی مامۆستایان و خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە دژی حکومەت، بۆیە داوا دەکەین پێش ئەوەی بگاتە ئەو دۆخە پاشەکەوت ھەڵبگیرێت".

2019-01-25
زیاتر...