ئابوری

تەیف سامی بڕیاری لەسەر ناردنی 973 ملیار دینار بۆ هەرێم دا

نها نیوز - هەواڵەکان

میدیایەکی عێراق لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئاشکرایکرد، وەزارەتی دارایی عێراق سبەی 973 ملیار دینار وەك پارەی مووچە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی (تەمموز/7) دەنێرێت. سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت "تەیف سامی واژۆی لەسەر ناردنی مووچەکە کردووە".

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە میدیای "بەغداد ئەلیەوم"ـی وت "وەزارەتی دارایی عێراق سبەی 973 ملیار دینار وەك پارەی مووچەی هەرێم  دەخاتە سەر حسابی بانکی ناوەندی عێراق - لقی هەولێر".

وتیشی "ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی مانگی (تەمموز/7) تەرخانکراوە، دوای وەرگرتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ڕۆژدا مووچە دابەشدەكات".

لایخۆشییەوە سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانەوە بە میدیا کوردییەکانی راگەیاند "لە ئێستادا نوسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم لە نوسینگەکەی وەزیری دارایی عێراقەوە نێردراوە بۆ بەشی وردبینی".

ئاماژەی بەوەشکرد، نوسراوی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەدوای وردبینی کردن بۆ بەشی پارەدان دەنێردرێت تاوەکو پارەی بۆ خەرج بکرێت.

ئەوەیش لەكاتێكدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو رایگەیاند، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی (تەمموز/7) بەشێوەی کاش خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
 
2025-09-29
زیاتر...