هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەناو شاردا روونکردنەوە دەدات
نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ناوشاری سلێمانی دانانرێت و ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن دوورن لە راستییەوە.
عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، لە سەرجەم رێگەکانی دەرەوەی شار کامێرای تۆمارکردنی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت و هەفتەیەک پێش ئەوەی بکەونەکار، شۆفێرانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
وتیشی، لەگەڵ دانانی ئەو کامێرایانە بڕی خێرایی رێگەپێدراویش لەو رێگەیانە دیاری دەکەن بۆ ئەوەی شۆفێران ئاگاداری خێرایی دیاریکراوبن و سەرپێچی نەکەن.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی باسی لەوەش کرد، هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی لەناو شار کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دابنرێت و ئەو کامێرایانە بۆ ناوشار نابن و تەنیا کامێرای یەک خاڵ دانراون لە ئێستادا کاردەکەن.
ئەمەش پاش ئەوە دێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە گوایا کامێراکانی بەشێک لە رێگەکانی ناوشار دەکرێن بە خاڵ بۆ خاڵ.
|