نها نیوز – هەواڵەکان
دوشەممەى رابردوو، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی لەبەردەم ماڵەکەی لە شاری کەلار تەقێندرایەوە، لەوبارەیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان پارتى كرێكاران (پهكهكه) تۆمەتبار دەکات بەو کەیسە، لەبەرامبەردا (پەکەکە) بەتوندی هێرشدەکاتەسەر پارتی و وەڵامی دەداتەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەمیانی راگەیەندراوێکدا لەوبارەیەوە دەڵێت "بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە لەبنەڕەتدا ئەنجومەنی ئاسایشی بنەماڵەی بارزانییە، ئێمە بە بەرپرسیار دەزانێت لەو تەقەمەنیانەی کە لەناو ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح یەکێک لەبەرپرسانی پارتى چێنراون، ئێمە ئەم تۆمەتە نادادپەروەرانە و بێبنەمایە ڕەتدەکەینەوە.
پهكهكه رونیشی دەکاتەوە "پارتى هەڕەشە لەدەستەى بەڕێوەبەرى ئێمە دەکات، بهڵام هۆشداریى دهدهین و جهختدهكهینهوه پارتى بەرپرسیار دەبێت لەهەر شتێک کە بەسەر هەر هەڤاڵێکماندا بێت، لەهەر شوێنێکی باشوری کوردستان بن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی "کارێکی تیرۆریستی"یە و ئۆتۆمبێلەکە بەبۆمبی لكێندراو، تەقێنراوەتەوە". ئەوەشی ئاشکراکرد کە خۆی شۆفێرەکەی و پێشمەرگەیەک کە لەگەڵیان بووە، بەهۆی ئەو "کردە تیرۆریستییەوە" بە سووکیی بریندار بوون.
هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دواى رووداوهكه پهنجهى تۆمهتى بۆ پهكهكه ڕاكێشاو ئاماژهى بهوهدا، ئهوكاره لهلایهن پهكهكهوه ئهنجامدراوه، بەڵام پەکەکە رەتیدەکاتەوە.