تەندروستی

ئەحمەد جبووری لە بەربژێرى بۆ پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین کشایەوە

نها نیوز- هەواڵەکان

ئەحمەد عەبدوڵا جبووری ناسراوە بە “ئەبو مازن” كاندیدبوونی خۆی بۆ پارێزگاری سەڵاحەدین كشاندەوە، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، سەرۆكایەتی كۆمار ڕەتیكردەوە مەرسومی سەرۆکایەتى بۆ دەستبەركاربوونى وەك پارێزگاری سەڵاحەدین دەربكات، بەهۆی بوونی چەند كێشەیەكی یاساییەوە.

ئەحمەد عەبدوڵا جبووری ناسراوە بە “ئەبو مازن” سەرۆكی پارتی جەماوەری نیشتمانیی لە بارەی كشانەوەی لە كاندیدبوونی بۆ پارێزگاری سەڵاحەدین ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ناكۆكییە سیاسییەكان لە سەر پۆستی پارێزگاری سەڵاحەدین بەردەوام بوون، شەڕ و پێكدادانەكانی پێشووش ڕێگریان لە پێشكەوتنی پڕۆژەكان گرتووە، بۆیە ئێمە جەخت لەسەر بژاردەی ئارامیی دەكەینەوە نەك پەرەسەندنی كێشەكان.

ئەوەشی خستەڕوو، لەم ڕوانگەیەوە كشانەوەی كاندیدبوونم بۆ پۆستی پارێزگاری سەڵاحەدین ڕادەگەیەنم و كاندیدبوونی خۆم دەكشێنمەوە، بە پێی شایستەیی هەڵبژاردنەكان پێویستە كاندێكی دیكە لە حزبەكەم وەك جێگرەوە بۆ ئەو پۆستە دیاری بكرێت، بەو هیوایەم ئەنجوومەنی پارێزگا خێراتر كار بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوەدانكردنەوە و بیناسازی لە شارەكە دەستپێبكاتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ڕەتیكردەوە فەرمانی سەرۆكایەتی بۆ ئەحمەد جبووری ناسراو بە “ئەبو مازن” وەك پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین دەربكات، چونكە ئەحمەد جبووری بە چەندین دۆسێیەی تاوانكاری سزا دراوە و بە لێبوردنی گشتی ئازاد كراوە.

بەپێی نووسراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار ئەبو مازن بە چەندیین دۆسێیەی تاوانكاری سزا دراوە و بە لێبوردنی گشتی ژمارە ١٠دا ئازاد كراوە، هەروەها پێشینەی تاوانی هەیە بەپێی نووسراوی وەزارەتی ناوخۆی ژمارە ٦٥٥٣ لە بەرواری ٢/١٢/٢٠٢٤.

سەرۆكایەتی كۆمار باسی لەوەش كردووە، بە پشتبەستن بەوانەی سەرەوە، ئێمە ناتوانین فەرمانی سەرۆكایەتی دەربكەین بۆ ئەحمەد جبووری وەك پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین، بەو پێیەی هەڵبژاردنی پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگا و ئەنجوومەنی شارۆچكەكانی ژمارە ١٠ بووە.

لەو بارەیەوە یاسین داودى، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رایگەیاند: لەدواى کشانەوەى ئەحمەد جبوورى بەربژێرێکى دیاریکراو نییە بۆ پۆستى پارێزگار و لە چەند رۆژى داهاتوودا دانوستاندنەکان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێدەکەنەوە.
 
یاسین داودى ئاماژەى بەوەش دا، لەگەڵ ئەحمەد جبوورى رێککەوتنێکیان کردووە بۆ ئەوەى وەک کورد چەند پۆستێکیان بدرێتێ و چەند داواکارییەکیان بۆ جێبەجێ بکرێت، هەمان رێککەوتن بە بیر بەربژێرە نوێیەکەى پۆستى پارێزگار دەهێننەوە.

2024-02-26
زیاتر...