تەندروستی

سەنتەری میترۆ: دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان پێشێلکاری بەندەکانی مافی مرۆڤە

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەمرۆ 22ی شوباتی 2024، سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان رایگەیاند:  "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی ڕۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی لەماڵەکەی خۆی دەستگیردەکەن و لەئێستادا لەبنکەی پۆلیسی ماڵتاوە بۆ زیندانی چاکسازی زرکا گواستراوەتەوە."
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشداوە، "تێبینی ئەوەیان کردووە ڕۆژنامەنووسان ئەگەر کێشەیەکی یاساییان هەبێت لە ڕۆژی پێنج شەمە دەستگیر دەکرێن، بۆئەوەی ڕۆژانی پێنج شەمە و هەینی و شەمە بەدەستبەسەرکراوی بهێڵدرێتەوە ، ئەمەش بەجۆرێک لە تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەنوسان دەبینین پێش ئەوەی دادگایی بکرێت.
هەروەها بەکارهێنانی ترس و تۆقاندن لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و سەرکوتکردنی مافی ڕۆژنامەنوسان بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان بە مەترسی دەبینین".
دەشڵێت، "بۆچی دەبێت بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەستگیربکرێت و یاسای ڕۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و لەکاتێکدا کە دەبوو خودی سکاڵاکار بیسەلمێنێت کە وتەی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی ڕاست نییە ، نەوەک بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت" . 
سەنتەری میترۆ جەخت لەوەش دەکاتەوە، دەستگیرکردنی بەردەوامی ڕۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانە کە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە گەرەنتی دەکات.

2024-02-22
زیاتر...