نهانیوز- هەواڵەكان
قوباد تاڵەبانی دوای بڕیارەكەی دادگای سلێمانی لەبارەی سزادانی بكوژانی نەقیب محەمەد رایگەیاند: چیتر نابێت هیچ بكوژو ژنكوژو تاوانبارێك لە كوردستان لەژێر هیچ پاساوێكدا لە سزای یاسایی دەربازببێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەیامێكی بڵاوكردووتەوە و رایگەیاندوە"سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ دادگای سلێمانی لە یەكلاییكردنەوەی هەردوو دۆسیەی شەهید نەقیب محەمەدو شنیار هونەرو سزادانی یاسایی بكوژان و تاوانبارانی هەردوو دۆسیەكە".
جێگری سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر هەرێم، سوپاسی ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەش دەكات كە لەماوەی رابردوودا رۆڵیان هەبووە لەچەسپاندنی یاسا، دەڵێت "سوپاسی هێزە ئەمنییەكان و داواكاری گشتی و پارێزەرە بەڕێزكان و هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە دەكەم كە لە دوو ساڵی رابردوودا هاوكارو ماندووبوون لە جێبەجێكردنی دادپەروەری و چەسپاندنی سەروەری یاسادا".
" جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە كە چیتر نابێت هیچ بكوژ و ژنكوژو تاوانبارێك لە كوردستان لەژێر هیچ پاساوێكدا لە سزای یاسایی دەربازببێت"، قوباد تاڵەبانی وادەڵێت
رۆژی 4ی كانونی یەكەمی 2021، نەقیب محەمەد لەتیف، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، بەمەبەستی بەهاناوەچوونی ژنێك لەكاتی دەرچوونیان بۆ جێبەجێكردنی فەرمانێكی دەستگیركردن لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی بەناوی (ی .پ ع)، تۆمەتبارەكان رووبەڕوی هێزەكان بوەوەو بەهۆیەوە نەقیب محەمەد شەهیدكراو دوو پۆلیسی دیكەش برینداربوون.
دواتر جێگری سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر هەرێمی كوردستان بەڵێنی بەخانەوادەی نەقیب محەمەد لەتیف-دا تا تۆمەتباران دەستگیرنەكرێن سەردانیان ناكات و خۆی مژدەی دەستگیركردنەكەیان پێ رادەگەیەنێت، دوای رووداوەكە بكوژەكانی نەقیب محەمەد لەتیف كە سێ كەس بوون بەرەو دەرەوەی هەرێم هەڵاتن و پاش نزیكەی چوار مانگ بەهەوڵی قوباد تاڵەبانی دەستگیركران و گەڕێندرانەوە بەردەم دادگا، دواتر لە سەردانێكدا بۆ لای خێزانەكەی قوباد تاڵەبانی مژدەی دەستگیركردنی پێدان و بەڵێنیدا تا كۆتایی بڕیاری دادگا لەگەڵ دۆسیەكە بێت.
ئەمڕۆ 18ی شوباتی 2024، دادگای سلێمانی لە 11هەمین دانیشتنیدا لەسەر دۆسیەكە، بڕیاری كۆتایی لەسەر شەهیدكردنی نەقیب محەمەد لەتیف دەركردو سزای لەسێدارەدانی بەسەر تاوانباری سەرەكی رووداوەكە سەپاند.