هەواڵ

دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیاردەدات

نهانیوز- هه‌واڵه‌كان

جارێكی دیكە دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر سكاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆدەبێتەوەو چاوەڕوانیش دەكرێت ئەمڕۆ دادگاكە بڕیاری  یەكلاكەرەوە بدات.
بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ دادگاكە كۆبێتەوە سەبارەت بەو سكاڵایەی لەلایەن زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆماریانكردوەو داوایان لە دادگا كردووە بڕیار لە نادەستووریبوونی ماددەكانی ( 1، 9، 15، 22، 36)ی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە یەكی 1992 بدات.
هەر بەپێی كارنامەی دانیشتنەكانی دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ بڕیار لە سكاڵایەكی دیكە دەدات كە داوا كراوە بڕیارێكی لایەنداریی بدات بۆ خەرجكردن و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگەكانی تەموزو ئاب و ئەیلولی 2023، ئەو پرسە یەكلابكاتەوە كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد دروستبووەو بووەتە مایەی جێبەجێنەكردنی یاسای بودجە.
هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند"چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەن لەسەر ئەو سكاڵایەی تۆماركراوە، دادگا هەرچی بڕیارێك بدات رێزی لێدەگرن".
وتیشی "پێشنیارێك كراوە، لە 19ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، یەكێتیش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە".

2024-02-18
زیاتر...