هەواڵ

یاسین مه‌حمود پرۆژه‌یاسای چاكسازیی به‌ باش ده‌زانێت و پێی باشه‌ جێبه‌جێ بكرێت

ئاژانسی نها...

سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ یاسای چاكسازی وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگه‌یاند،، پڕۆژەیاسای چاكسازیی پڕۆژەیەكی گرنگ و پڕ بایەخە، ئەگەر حكومەت بتوانێت لە داهاتوودا جێبەجێی بكات ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتوودا سودی گه‌وره‌ له‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌بینین.

یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایگەیاند، پرۆژه‌یاسای چاكسازیی  پڕۆژەیەكی گرنگ و پڕ بایەخە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە دوای ئەوەی ئاڕاستەی پەڕلەمان كراوە لەوێ جارێكی دیكه‌ پێداچوونەوەی تێدابكرێت و چاكسازی لە خودی پڕۆژەكەدا بكرێت بەو ئاڕاستەیەی خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە و ببێتە فاكتەری بەرزبوونەوەی داهاتی هەرێم، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا سوودی گەورە لەو پڕۆژەیە دەبینین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا ئیشی له‌ سه‌ركراوه‌ كە دامه‌زراندنی فەرمانبەران بووه‌ لە كەرتی گشتیدا، ئەمە زیانی گەورەی لە كەرتی تایبەتداوە، هیوادارین لەدوای ئەو پڕۆژە چاكسازییەی بڕیارە پەڕلەمان خوێندنەوەی بۆ بكات و چاكسازی تر لەو پڕۆژەكەدا بكرێت، جارێكی تر پڕۆژەیەكی چاكسازی تر بۆ كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بێتە كایەوە، بۆ ئەوەی ڕێگا خۆش بكات تا هەزاران هەلی كار لە كەرتی تایبەتدا دروست ببێت، چونكە ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە لەمەولا چۆن هەوڵ بدەین پڕۆژە چاكسازییەكان لەدوای ئەم پڕۆژەیە هێواش هێواش بێنە كایەوە، ئەگەر ئەم پڕۆژە چاكسازییەی ئێستا سەربگرێت بەدڵنیاییەوە مشتێك دەبێت لەو پڕۆژە چاكسازییانەی تر كە دەبێت هەرێم جێبەجێیان بكات، بەتایبەتی لەبواری بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری كوردستاندا.

یاسین مه‌حمود داواكاری هه‌یه‌ و ده‌ڵێت، وەك یەكێتی وەبەرهێنەران داواكارین بە كەم سەیری ئەم پڕۆژەیە نەكرێت و لە گەورەیی و بایەخی كەم نەكرێتەوە، گرنگ ئەوەیە ئەم پڕۆژەیە ئەگەر بە ڕێژەی 50%یش ئامانجەكانی بپێكێت ئەوا كارێكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە یەكەمجارە هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكاتەوە بە واقعیی چاكسازی لە كەرتی گشتیدا بكات.

ئاشكراشیكرد، چەند ڕۆژێكە ئەو پڕۆژەیە دەخوێنمەوە و بۆم دەركەوتووە كە هەڵقوڵاوی یەكێك لە پڕۆژە چاكسازییەكانی وڵاتانی كەنداوە كە ئەویش (قەتەڕ)ە، ئەگەر پەڕلەمان ئەو پڕۆژەیە بەو واتایەی باسمان كردووە خوێندنەوەی بۆ بكات و بیكاتە پڕۆژە یاسایەكی واقعی و چاكسازی ڕاستەقینەی تێدابێت، دواجار لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پەسەند كرا، بەدڵنیاییەوە كە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان موجازەفەیەكی گەورە دەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەگەر حكومەت بتوانێت ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكات دەبێتە مێژوویەكی پڕ سەروەریی و مێژووییەكی سپی بۆ ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ خاڵه‌گرنگه‌كانی پرۆژه‌كه‌ ده‌ڵێت، وەك وەبەرهێنەران خاڵە گرنگەكانی ئەم پڕۆژەیە كە دركمان پێكردووە ئەوەیە كە لەمەولا هەموو كەسێك خواستی نابێت بڕوات لەكەرتی گشتیدا كار بكات، خاڵیكی تریش جێگای دڵخۆشییە، ئەوەیە ئەگەر وەزارەتی كار و دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هەندێك لە وەزارەتەكان پێداچوونەوە بە یاسای كار و دەستەبەركردنی كاردا بكەن و یاسایەكی باش بهێننە كایەوە، كارمەند و كرێكار و كەسانی تریش ئەگەر بیانەوێت لە كەرتی تایبەتدا كاربكەن گرەنتییان بكرێت، ئەوكاتە ئەو پڕۆژەیە شانبەشانی پڕۆژەیەكی تر وادەكات كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی گەورە بە خۆیەوە ببینێت.

هاوكات ده‌شڵێت، خاڵێكی تری گرنگ ئەوەیە، لەمەولا لە هەرێمی كوردستان دەتوانین لەدوای ئەم پڕۆژەیەوە چەندین پڕۆژەی چاكسازی تر بهێنینە كایەوە و ئەم ترسە دەشكێت كە پێشتر هەبووە و نەماندەوێرا دەست بۆ پڕۆژەكانی چاكسازی ببەین، بەتایبەت لە سێكتەرەكانی گەشەكردنی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكانمان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا دەرچووێنراون یان دەیان كرچ و كاڵیان تێدایە و بووەتە هۆی بوونی گەندەڵی لە بواری ئابووریدا، ئەمەش وایكردووە ئابووری هەرێمی كوردستان نەچێتە پێشەوە.

2019-12-14
زیاتر...