تەندروستی

ئایا شه‌كر ده‌بێته‌ هۆی توشبوون به‌ شه‌كره‌؟


شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و چەند جۆرێکی هەن بەربڵاوترینیان شەکرەی جۆری یەکەم و شەکرەی جۆری دووەمی، لە شەکرەی یەکەمیدا خانە بەرهەمهێنەرەکانی ئەنسۆلین لەلایەن سیستەمی بەرگری جەستە تێکشکێندراون، بۆیە لەم جۆرەدا بە هیچ شێوەیەک شەکر نابێتەهۆی تووشبوون بە شەکرە، بەڵام دەبێت کەسەکە لە خواردنی شەکردا وریا بێت چونکە زۆر خواردنی شەکر حاڵەتی نەخۆشییەکە توندتر دەکات.

شەکر بەشێوەیەکی راستەوخۆ نابێتەهۆی تووشبوون شەکرەی جۆری دووەمی، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەوانەی قەڵەون ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرە زیاترە، شەکریش یەکێکە لە هۆکارەکانی قەڵەوبوون. هەرچەندە چەندین توێژینەوە دەریانخستووە ئەو کەسانەی زۆر شەکر دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرە بەرێژەی %25 زیاترە.

سەبارەت بە شەکری سروشتیش پزیشکانی پسپۆڕی خۆراک دەڵێن، ئەو شەکرەی لەنێو میوەکاندا هەیە بەهیچ جۆرێک نابێتەهۆی تووشبوون بە شەکرە، چونکە ئەو جۆرە شەکرەی لەنێو میوەکاندا هەیە لەگەڵ ریشاڵ، دژەئۆکسێنەکان و ئاو تێکەڵە و بەهێواشی هەرسدەکرێت و بەمەش نابێتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن.

بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکانی تووشبوون بە شەکرە بریتین لە قەڵەوی، بۆماوە، تەمەن و شێوازی ژیانی ناتەندروست.

تووشبووانی شەکرە بەردەوام دەپرسن ئایا دەتوانین شەکر بخۆین؟ کاتێک کەسێک تووشی شەکرە دەبێت ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە بە تەواوی واز لە شەکر بهێنێت، بەڵام ئەمە مانا ئەوەی نییە تووشبووەکە زیادەڕەوی بکات لە خواردنی شەکر بەڵکو دەبێت ئەمە لە ژێر راوێژی پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراک بێت.
2019-10-22
زیاتر...