هەمەڕەنگ

ژەمێکی سادە نهێنی تەمەن درێژییە


درێژبوونیی تەمەن و ژیان بۆ ماوەیەکی زۆر بە تەندروستییەکی باشەوە خەونی زۆرینەی خەڵكە لە هەموو جیهاندا و کەسانێکی زۆر رێگەی جیاواز دەگرنە بەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، وەك باشترکردنی سیستمی خواردن، وازهێنان لە جگەرەکێشان و وەرزشکردن.

لەم بارەیەوە ئەنجامی دوو توێژینەوە کە لە زانکۆی هارڤارد ئەنجامدراون دەریانخستووە، رۆژانە خواردنی بڕێکی دیاریکراو لە چەرەسات دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە درێژبوونی تەمەن.

دکتۆر فرانك هۆ، مامۆستای بواری خۆراك لە کۆلێژی پزیشکی گشتیی لە زانکۆی هارڤارد وتویەتی: بۆمان ئاشکرابوو، ئەو کەسانەی کە رۆژانە چەرەسات دەخۆن، زیاتر دەژین و تەندروستییان باشترە.

ئەو راپۆرتەی کە لە گۆڤاری " New England"ی پزیشکیش بڵاوکراوەتەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو کەسانەی کە هەموو رۆژێك گوێز دەخۆن مەترسیی مردنیان بە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە کەمترە.

بەگشتی دەرکەوت ئەو کەسانەی کە رۆژانە گوێز دەخۆن مەترسیی مردنیان %٢٠ کەمتر بووە لەکاتی توێژینەوەکەدا بەراورد بەوانەی نەیاندەخوارد.

لە توێژینەوەکەدا داتا لەسەر ١٢٠ هەزار بەشداربوو وەرگیرا، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستکرا بە توێژینەوەکە، لەسەرەتادا بەشداربووەکان تەنها وەڵامی پرسیاریان دەدایەوە لەسەر ژەمە خواردنەکانیان، لەدواتردا هەموو دوو بۆ چوار ساڵ جارێك چاودێری دەکران.

توێژەران بەشداربووەکانیان کرد بە شەش بەشەوە بەپێی بڕی ئەو چەرەساتەی دەیانخوارد.

لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوت کە ئەو جۆرە چەرەساتانەی کە ریشاڵ و چەوریی بەسود و کانزا و ڤیتامینیان تێدایە یارمەتیدەرن بۆ پارێزگارییکردنی مرۆڤ لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و هەوکردنەکان.

هەروەها بەگوێرەی وتەی دکتۆر بێنی کریس ئێسرتۆن مامۆستا لە زانکۆی پەنسلڤانیا ئاماژە بەوەکراوە ئەنجامی کۆتایی توێژینەوەکانی پێشووتر دڵنیایی ئەوەیانداوە کە خواردنی چەرەسات کۆلیسترۆلی زیانبەخش کەمدەکاتەوە، کۆلیسترۆلی بەسوود بەرزدەکاتەوە، هەروەها فشاری خوێن دادەبەزێنێت و وەڵامدانەوەی فشاری خوێن بۆ دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە.
2019-09-05
زیاتر...