هەواڵ

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ له‌ تاك ده‌رچووه‌ و بووه‌ به‌ گروپ


ئاژانسی نھا...

دەستلەکاركێشانەوە و ناڕەزاییەکانی ئەندامان و بەرپرسانی نەوەی نوێ بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ دەستلەکارکێشانەوە لە جوڵانەوەکە ڕوو لە زیادبوون دەکات و بووه‌ به‌ دیارده‌.

لە نوسراوێکدا کەبڵاویانکردووەتەوە 14 ئەندامی نەوەی نوێ لە بوارە جیاوازەكان دەستلەکار کێشانەوەی خۆیان لە حزبەکە ڕاگەیاند و ڕایدەگەیەنن، ئەوەی لە ڕواڵەتی ئەو جوڵانەوەیە بەدی دەکرێت زۆر جیاوزە لەوەی لە ناوەڕۆکیدا ھەیە.

دەقی دەستلەکار کێشانەوەکە:

نامەیەک بۆ ڕای گشتی
بابەت/دەست لە کارکێشانەوە

پاش سڵاو و ڕێز...

ئێمە وەک ژمارەیەک خۆبەخشی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەخوارەوە ناومان هاتووە، دوای زیاتر لە ساڵێک و نۆ مانگ کارکردنمان لە (سۆشیال میدیا) و ڕێکخستنەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئاستە جیاوازەکانی (ئەندام ئەنجومەن و ڕێکخەری)دا، ئەمڕۆ بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ ڕایدەگەیەنین، و دوای بڵاوکردنەوەی ئەم نوسراوە هیچ پەیوەندیەکمان بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ - وە نامێنێت، لەبەر چەند هۆکارێک.

بێگومان کاتێک ئێمە پەیوەندیمان بەم جوڵانەیەوە کرد ئامانجێکی گەورەمان هەبوو، لەگەڵ ئەو ئامانجە گەورەدا خاوەن بیر و باوەڕێکی جیاواز بووین، کە ناکرێت مرۆڤی بوێر ناعەدالەتی و زوڵم قبوڵ بکات، پێمان وابوو ناکرێت مرۆڤ هەبوونی ئەو ئاستە کۆمەڵایەتی و ئابوریانە قبوڵ بکات کە لە هەرێمەکەماندا زۆر بە ئاسانی و بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت، باوەڕمان وابوو بێدەنگ بوون لەئاست ئەو جیاوازیانە زوڵمێکی گەورەیە لە خودی خۆمان و کۆمەڵگاکەمانی دەکەین، بۆیە پەیوەندیمان بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ - وە کرد تاکو کۆتای بەو جیاوازی و زوڵم و ئاستە کۆمەڵایەتی و ئابوریانە بهێنین، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوەی لە ڕواڵەت و هەڵسوکەوتی ئەم جوڵانەوە بەدی دەکرێت زۆر جیاوازە لەوەی لە ناوەڕۆکدا بوونی هەیە.

بێگومان هیچ کەس نایەوێت بەردەوامی بە کارێک بدات کە جیاوازبێت لە ئامانج و ویستی ئەو، وە دڵنیاتان دەکەینەوە دوای بڵاو بوونەوەی ئەم نوسراوەی ئێمە بە [جاسوس، خۆفرۆش، خیانەتکار، ترسنۆک، بێ ئیرادە، سەبر کورت، بەرژەوەندی ویست، ...هتد] ناوزەند دەکرێین، بەڵام بێدەنگ نەبوونمان لە جیاوازی کردنەکانی نێوخۆی جوڵانەوەکە و هەڵوێستەکانمان ئێمەی گەیاندە ئەو قەناعەتەی ئەم بڕیارە بدەین وە لەپێناو بیر و باوەڕمان ئامادەین خۆڕاگربین لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەیش، چونکە لای هەمووان ڕوونە کات دادپەروەرترین حاکم و بڕیاردەرە، و هۆکاری بەردەوام نەبوونی ئێمەیش بـۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، کە لە دیارترینیان:

۱- لادانی جوڵانەوەکە لەسەر بنەما سەرەکیەکان و ئەو بیر و بۆچونانەی کە ئێمە کارمان بۆ بەدەست هێنانی دەکرد، لەوانەیش (بوێر بوون و بە هەڵوێست بوونی گەنجان، هاوبەشی پێکردنی گەنجان لە بڕیاردان، دادپەروەری و جیاوازی نەکردن، ئازادی لە ڕادەربڕین و ڕەخنە لێگرتن، بەکارنەهێنانی جوڵانەوەکە بۆ بەرژەوەندی شەخسی، و ... هتد).

۲- سەرەتا کە ئێمە پەیوەندیمان بە ئەم جوڵانەوەیە کرد، وتمان ئێمە جیاوازین و جیاواز دەبین، بەڵام نەخێر زۆر بەداخەوە لێرەدا هیچ جیاوازیەک بوونی نیە، سەرەڕای ئەوەی کە نەمانتوانی جیاوازبین جیاوازبوونیشمان ناشیرین کرد، تەنها جیاوازیەک کە بوونی هەبێت ڕواڵەت و دەم و چاوی سەرکردەی حیزبەکانە، و سەرکردەی ئەم جوڵانەوەیەش زۆر باش دەتوانێت قسەی باق و بریق بکات و عاتیفەی خەڵکی بجوڵێنێت، کە بەشاهیدی کەسە بوێر و بەهەڵوێستەکانی ناو جوڵانەوەکە دەڵێین ئەوەی کە دەگوترێت لەسەر شاشە و ئەوەی دەکرێت (۱۸۰) پلە پێچەوانەی یەکترن.

۳- قبوڵ نەکردنی ڕای جیاواز لە جوڵانەوەکەدا، و دیکتاتۆریەت و بڕیاردانی تاکلایەنە و قبوڵ نەکردن و گوێ نەگرتن بۆ ڕەخنە و پێشنیار، لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەکەوە، کە لێرەدا و بۆ ئەم خاڵە پێویستمان بە دانانی خاڵی کۆتای هەیە، بۆ سەرجەم سەرکردە و بەرپرسە حیزبی و حکومیەکانی تریش پێویستمان بە خاڵی کۆتای هەیە.

٤- هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی و خۆبەخشەکان بە ناوی (خۆبەخش)یەوە، کە ئەوانەی بەڕاستی ماندوون و لە ناو خەڵکی قسەیان پێدەگوترێت خۆبەخشی ڕاستەقینەن، بەڵام ئەوانەی لە ئۆفیسی سەرەکی جوڵانەوەکە کاردەکەن، کراون بە خاوەنی مووچەی مانگانە و لەسەر شاشەکان و سۆشیال میدیا کار بۆ بەناوبانگ بوون و دەرکەوتنیان دەکرێت.

٥- جیاوازی کردن لەنێوان خۆبەخشەکانی (ئەندام ئەنجومەن، ڕێکخەر، سۆشیال میدیا)کان کە بەشێکیان کراون بە خاوەن مووچەی مانگانە، چ بە ناوی مووچە یاخود هاوکاری - ەوە بێت، بەبێ ئاگاداری خۆبەخشەکانی تر و شاردنەوەی لەوانی تر و حاشاکردن لەو ڕاستیە.

٦- دروستکرنی جاسوس و جنێودەر و بێڕێزیکار لەنێوان خۆبەخشەکان، بەمەبەستی تاقیکردنەوەیان و گەیاندن زانیاریەکان کە لەنێوان هاوڕێکاندا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت، زۆر کات قوربانیەکە دەردەکرێت یاخود ناچار بە وازهێنان دەکرێت.

۷- دەرکردنی بەشێکی زۆر لە خۆبەخشە بوێر و بەهەڵوێست و دڵسۆزەکان لە جوڵانەوەکە، لەبەرامبەر هەڵوێست وەگرتن و ڕەخنە لێگرتن، کەبەداخەوە ئەگەر بێتوو لەم جوڵانەوەیەدا ڕستەیەک یاخود وشەیەک پێچەوانەی بیرکردنەوەکانی سەرۆکی جوڵانەوەکە بڵێیت، دەردەکرێیت یاخود ناچار بە وازهێنان دەکرێیت و خۆت لەبەرامبەر لێشاوی ڕەخنە و تۆمەت هەڵبەستن دەبینیتەوە.

۸- هەڵبەستنی تۆمەت و پێدانی چەندین نازناوی ناڕەوا و ناشایستە بەو خۆبەخشانەی بەناڕەوا دەرکراون، یاخود ناچار بە وازهێنان کراون یانیش بەهۆی هەڵوێستەکانیان خۆیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، لە سەرەوە ئاماژەمان بە بەشێک لەو نازناو و تۆمەتانە کردووە کە دراونەتەپاڵ ئەوکەسانە، و کە دڵنیاین پاش بڵاوبوونەوەی ئەم نوسراوە دەدرێتە پاڵ ئێمەیش.

کەواتە لەم جوڵانەوەیەدا بیرکردنەوەی جیاواز نابێ بونی هەبێت، و ماندووبوونی ئێمە و هاوڕێکانیشمان چووەتە باخڵی چەند دەمووچاوێک و چەند کەسێک لەوپەڕی مورتاحی و ئیسراحەتدا بەری ڕەنجی ماندووبوونی ئێمە و هاوڕێکانمانیان چنیەوە، [کەواتە ئەنجامی ماندووبوونی ئێمەیش یەکسان بوو بە "سفر هیچ بەدەستەوە"].

٭ ناو و ئەرکی خۆبەخشە دەست لەکار کێشاوەکان:

۱- ڕابەر مەحمود/ ڕێکخەری ناحیەی هەڵشۆ، ئەدمین لە پەیجەکانی (قەڵادزێ و ڕەواندوز)
۲- گەرمیان عوسمان/ ڕێکخەری شارەزوور
۳- دێرین ڕەسوڵ/ ڕێکخەری بنگرد، ئەدمینی (دەڤەری مەرگە)
٤- چاوان ئاوات/ ئەدمین لە پەیجەکانی (سکتان، ئاشتی، شەقڵاوە، مێرگەسور ، کفری، شارەزور، دەشتی هەولێر)
٥- ئەوین ئەحمد/ ڕێکخەری ڕانیە
٦- چێنەر شەریف/ ئەدمین لە پەیجەکانی (هەورامان و هەڵەبجە)
۷- عەبداللە حسێن/ ئەدمین لە پەیجەکانی (قەڵادزێ و ژاراوە و سەنگەسەر و دوو گرووپی نەوەی نوێ لە ڕانیە و سەنگەسەر)
۸- ڕێبوار عومەر/ ئەندام ئەنجومەنی شارەزوور
۹- هەڵمەت حەمەڕەوف/ ئەندام ئەنجومەنی شارەزوور
۱۰- بەڵێن عومەر/ ئەندام ئەنجومەنی شارەزوور
۱۱- بەرهەم فاظل/ ئەندام ئەنجومەنی شارەزوور
۱۲- کۆرش ئەشرەف/ ئەندام ئەنجومەنی شارەزوور
۱۳- حامید ئەحمەد/ ئەندام ئەنجومەنی شارەزوور
۱٤- هێرش ئەشرەف/ ئەندام ئەنجومەنی شارەزوور

۲۰۱۹/۷/۱۳
2019-07-14
زیاتر...