هەواڵ

مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌ چه‌مچه‌ماڵ هۆشداریی به‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌دات

ئاژانسی نها..

مه‌ڵبه‌ندی 12ی یه‌كێتی له‌ چه‌مچه‌ماڵ هۆشداریی دایه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ ته‌شكیله‌ی نوێی كابینه‌ی حكومه‌ت و ده‌ڵێن، سنوره‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ته‌واوی فه‌رامۆشكراوه‌ و هیچ پۆستێكی پێنه‌دراوه‌.

مه‌ڵبه‌ندی 12ی رێكخستی یه‌كێتی له‌ چه‌مچه‌ماڵ سه‌باره‌ت به‌ سنوری چه‌مچه‌ماڵ و شۆڕش و ته‌كیه‌ی كاكه‌مه‌ند، ئاغجه‌له‌ر، سه‌نگاو، ته‌كیه‌ی جه‌باری، قادركه‌ره‌م و شوان، راگه‌یاندراوێكیان ئاراسته‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌ (جێگری سكرتێری گشتیی، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند و مه‌كته‌بی رێكخست)كرد سباره‌ت به‌ فه‌رامۆشكردنی ناوچه‌كه‌یان به‌وه‌ی هیچ كادیرێكیان پۆستی باڵای له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت وه‌رنه‌گرتووه‌. 

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ژماره‌ی دانیشتوانی سنوره‌كه‌ زیاتره‌ له‌ 35 هه‌زار كه‌سه‌ و ناوچه‌كه‌یان ڕووبه‌ڕی چه‌ندین كێشه‌ی خزمه‌تگوزاریی بووه‌ته‌وه‌ وه‌ك كێشه‌ی ئاوی گۆپته‌په‌ و چه‌مچه‌ماڵ و رێگای سنوره‌كه‌، به‌ڵام له‌ پێدانی پۆست فه‌رامۆشكراوه‌.

راشیانگه‌یاندووه‌، ئێمه‌ وه‌ك ئه‌kجومه‌نی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌مان و فه‌رمانده‌كانی سنوره‌كه‌ ناڕه‌زایی توندی خۆمان ده‌رده‌بڕین و داوا ده‌كه‌ین پله‌كانی (یه‌ك وه‌كیل وه‌زیر، یه‌ك مدیر عام، دوو راوێژكار له‌ وه‌زاره‌ته‌كان و له‌ په‌رله‌مان، دوو به‌رێوه‌به‌ری گشتی له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی سلێمانیمان بۆ دابینبكرێت) به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵوێستی توندمان ده‌بێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دوێنی چوارشه‌ممه‌ 10ی ته‌موزی 2019 كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنراو وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداریی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تیان كرد سوێندی یاساییان له‌ په‌رله‌مان خوارد.


2019-07-11
زیاتر...