ئاژانسی نها..
ئەمڕۆ ١٠ی ئایاری ٢٠١٩ بە ئامادەبوونی میوانان لە دەرەوە و ناوخۆی هەرێمی کوردستان مەڕاسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەریم سوێندی یاسایی خوارد و بەشێک لە میوانەکان و سەرۆکی هەرێم وتارێکیان پێشکەشکرد و جەختیان لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و باشترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان کردەوە.
لە کاتی بانگهێشتکردنی میوانەکان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان مەسعود بارزانی وەک سەرۆک ناوبرد، لەکاتێکدا بارزانی لە ساڵی ٢٠١٧وە دەستی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم کێشاوەتەوە و تەنها سەرۆکی پارتییە.
سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم دەبوو لەناو پەرلەمان و بەردەم پەرلەمانتاران بوایە، بەڵام نەک هەر لەبەردەم پەرلەمان نەبوو، بەڵکو شوێنی دانیشتنی پەرلەمانتاران لە ڕیزەکانی دواوەبوو و ڕیزەکانی پێشەوە بۆ بەرپرسانی حزبی تەرخانکرابوو.
دوای حەوت مانگ لە بایکۆتی بەرهەم ساڵح لەلایەن پارتیەوە، دواجار پارتی دیموکراتی کوردستان دانینا بە سەرۆک کۆمار و لە ڕێوڕەسمێکی پڕۆتۆکۆڵیدا لە شاری هەولێر لەلایەن بەرپرسانی پارتیەوە پێشوازی لێکرا.
بەشێک لە ڕەخنەگران و چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان مەڕاسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم وەک ئاهەنگ و حەفلە ناودەبەن نەک وەک مەراسیمێکی سوێندخواردن و دەڵێن، تەنها چەپڵەلێدان بوو.