هەواڵ

قوباد تاڵەبانی: دەبێت وەزیرەکان سیاسەتی حکومەت جێبەجێ بکەن نەک حزبەکانیان

ئاژانسی نھا...

جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی حوكمڕانیی ئەلەكترۆنی لە ئیستۆنیا وتارێکی پێشكەش كرد و تێیدا تیشكی خستە سەر لەمپەرەكانی بەردەم بە ئەلەكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییە حكومییەكان لە كوردستان و چۆنییەتی چارەسەركردنیان.

 ئەمرۆ چوار شەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی حکومڕانی ئەلکترۆنی لە ئیستۆنیا رایگەیاند،‌‌ بە ئەلەكترۆنیكردنی حوكمڕانی یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردن و شەفافکردنی داهات و ڕێكخستنەوەی بازرگانی و تەنانەت كەمكردنەوەی تاوانەكان و بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دژوار و پڕ لە قەیرانی ئەمنی و سیاسی و ئابوری هەنگاوەکانی حکومڕانی ئەلەکترۆنی دەست پێکرد، جگە لەوەش لە كوردستان حەزێكی زۆر بۆ پەیڕەوكردنی بیرۆکراسییەت هەیە، لە بەرامبەر ئەم هەموو لەمپەرەشدا ڕێژەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و توانای گەنجان بەردەوام لە پەرەسەندندایە هەربۆیە دەكرێت لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو تواناکان ڕێكبخرێن و بەم شێوەیە هەنگاو بە هەنگاو بەسەر لەمپەرەکانی بەردەم حکومڕانی ئەلەکترۆنیدا زاڵ بین.

قوباد تاڵەبانی جەختی لە پێویستیی جیاكردنەوەی سیاسەتی حزبی لە كاری حوكمڕانی كرده‌وه‌ و وتی، "دەبێت وەزیرەکان سیاسەتی حکومەت جێبەجێ بکەن نەک بەپێی بەرژەوەندیی حزبەکانیان هەنگاوبنێن چونكە خەڵك بە تایبەت لەم قۆناغەی پاش شەڕی داعش داوای باشترین خزمەتگوزاری دەكەن لە حکوومەت و ئەمەش مافی ئاسایی خۆیانە و دەبێت پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئەولەویەتی كارەكانی حكومەت بێت".
2019-05-22
زیاتر...