نوری مالیکی لەبارەی گروپە چەکدارەکان هاتە دەنگ
نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن، گوایە مالیکی بەڵێنی بە ئەمریکا داوە کە گروپە چەکدارەکان لە چەک دادەماڵێت، دەشڵێت"بە دڵنیاییەوە ئەو قسانە هەڵبەستراون".
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالیکی لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە کە گوایە مالیکی ئەمریکای لە هەڵوێستی بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان ئاگادار کردبێتەوە ئەگەر ببێتە سەرۆک وەزیران، ناڕاستن."
راگەیەنراوەکە دوای ئەوە هات کە لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە نوری مالیکی لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پەیامی بۆ ئەمریکا ناردووە کە ئەگەر ببێتەوە سەرۆک وەزیران، ئەوا بابەتی گرووپە چەکدارەکانی عێراق چارەسەر دەکات و چەکیان لێ دادەماڵێت و تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانیان دەکات.
روکابی دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئەو قسانە هەڵبەستراون، ئەوەی بڵاودەکرێتەوە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و داپۆشینی هەندێک رەفتاری نەخوازراو لەو بارەیەوە".
|