نها نیوز-هەواڵەکان
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاشکرایکردووە، هاتنی سەرۆکی ئێستای سووریا بۆ عێراق ڕەنگە ببێتە هۆی جێبەجێکردنی یاسا و دەستگیرکردنی بە لەبەرچاوگرتنی بوونی فەرمانی دەستگیرکردن کە لە دژی دەرچووە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، بوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا، شتێکی جەوهەرییە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکی هاوبەش دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هاتنی سەرۆکی ئێستای سووریا بۆ عێراق پێویستی بە پابەندبوون و ڕێزگرتنە لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق، بەگوێرەی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ناوبراو داوادەکات، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکرێت بە شێوەیەک کە سەروەری عێراق بپارێزێت و ڕێز لە بڕیارەکانی دامەزراوە دەستورییەکانی بگیرێت.
ئەم لێدوانەی قەیس خەزعەلی لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا بەرەو کرانەوە هەنگاو دەنێت، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی ئینتقالی سووریا بە سەرپەرشتی قەتەر.
پێشتر پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا بە هۆی کێشە ئاڵۆزەکانی ئەمنی و تیرۆرەوە، هەروەها هەڵپەسێردراوی دۆسیە یاساییەکانی پەیوەست بە پشتیوانی لە تاقمە تیرۆریستییەکان لە سەردەمی ئەو توندوتیژییە تائیفیانەی کە لە دوای ساڵی 2003 ڕووی لە عێراق کرد تێک چووبوو.
لێدوانەکانی خەزعەلی وەک هەوڵێک بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ کردەوەکانی داهاتووی عێراق بەرامبەر بە سووریا سەیر دەکرێت، بەتایبەتی کە مشتومڕی ناوخۆیی بەردەوامە لەسەر چۆنیەتی هاوسەنگکردنی ئیمتیازەکانی کرانەوەی ناوچەکە لەگەڵ مەرجەکانی ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق و پاراستنی سەروەری نیشتمانی.