نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانی دادوەری دەرکرد بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە مشتومڕاویانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکراون کە بریتین لە (باری كەسی و گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و لێبوردنی گشتی).
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگای فیدڕالی کە بڵاوبووەتەوە ڕایگەیاندووە، دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانی دادوەری دەرکردووە بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکە کە دەسەڵاتێکی ئیختیارییە و ڕێکارێکی کاتییە بۆ خۆپارێزی تا ئەو کاتەی دەستووریی بوونی ئەو یاسایانە کە بابەتی داواکانی یاساییەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە، کە ئایا لەگەڵ دەستووردا دەگونجێن یان نا، وەک چۆن ئەو کاریگەرییانەی کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکانەوە دێنە ئاراوە ناتوانرێت دوور بخرێنەوە کاتێک بڕیارێک دەرچووە نەک مافێک بەفیڕۆ بدەیت یان بەدەستی بهێنیت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە ڕابگرێت کە لە دانیشتنی ژمارە 3ـی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکران کە ڕۆژی سێشەممە 23ـی 1ـی 2025 بەڕێوەچوو، کە سێ یاسای لە خۆگرتبوو، یاسای باری کەسی هەموارکردنی ژمارە 188ـی ساڵی 1959، یاسای هەموارکردنەوەی لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016، و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، بە مەرجی هەندێک بڕیار دەگەڕانەوە بۆ سەردەمی ئەنجومەنی بەعسی هەڵوەشاوە، تا ئەو کاتەی کە داوای یاساییەکان یەکلایی دەبنەوە.
هاوکات، د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نها نیوز ڕاگەیاندووە، دادگای فیدراڵی لەسەر داوای چەند پەرلەمانتارێک ئەمری وەلائی بۆ وەستانی جێبەجێ کردنی هەریەک لە "یاسای باری کەسێتی، یاسای لێبوردنی گشتی، یاسای گەرانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان (مجلس قيادة الثورة المنحل) دەرکردووە، بەڵام ئەمە تەنها ڕاگرتنی جێ بەجێکردنە نەک الغا کردنەوەی ئەو یاسایانە.
دەشڵێت، "ئەم بڕیارە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی عێراق و کارەکانی حکومەت و پەرلەمان دەبێت و ڕەنگە لە داهاتوو هەوڵ بدرێت بۆ ئەنجامدانی جەلسەی پەرلەمانی، بەڵام پێدەچێت بەشێکی زۆری لایەنەکان بایکۆت بکەن بەتایبەت سونەکان".